بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، تیمەکانیان ئاگادارکرانەوە لە بوونی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە کۆگاکانی سنووری تانجەرۆ.
باسی لەوەشکردووە، دەستبەجێ سەرجەم تیمەکانمان بە پێداویستی تەواوەوە زوو گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستکرا بە هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
دەشڵێت، بەهۆی بوونی ماددەی خێرا گڕگرتوو، ئاگرەکە مەترسی بڵاوبوونەوەی خێرای هەبوو، بەڵام کارمەندە لێهاتوو و دڵسۆزەکانیان توانییان بە شێوەیەکی پیشەییانە ڕووبەڕووی ببنەوە و ڕێگری لە تەشەنەکردنی بکەن.
بەرگری شارستانی سلێمانی باسی لەوەشکردووە، خۆشبەختانە و پاش هەوڵێکی چڕ، توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە و لە ئێستادا تیمەکانی لێکۆڵینەوە سەرقاڵی دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکەن، لێرەوە سوپاسی هاوکاریی بەردەوامی هاووڵاتییان دەکەین.








