لە حاڵەتێکی دەگمەندا لە دیالە منداڵێک لەدایکبوو کە شێوەیەکی سەیری هەیە و ناوی لینراوە “منداڵی ماسی”.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێرکاریی ئەل بەتول لە شاری بەعقوبە، بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، حاڵەتێکی دەگمەنی لەدایکبوون تۆمارکرا، کە تووشبووی نەخۆشییەکە لەڕیگەی جیناتی بۆماوەیی دروستدەبێت، بەتایبەت لەنێوان هاوسەرگیری کەسە نزیکەکان.
کۆرپەکە بە پێستێکەوە لەدایک بووە کە بە توێکڵ داپۆشراوە کە لە توێکڵی ماسی دەچێت.
ئەو سەرچاوەیە ڕاگەیاندووە، “منداڵەکە دوێنێ لەدایک بووە و تووشی نەخۆشییەکی بۆماوەیی دەگمەن بووە، کە کارکردنی ئاسایی پێست تێکدەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی چینە ئەستوور و وشکەکان لەسەر ڕووی پێست”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمە دووەم حاڵەتە لە جۆری خۆیدا کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە نەخۆشخانەی ئەل بەتول تۆمارکراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمڕۆ خێزانی منداڵەکە کۆرپەکەیان بردەوە ماڵەوە لە قەزایەکی دیالە”.
سەرچاوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە “ئەم حاڵەتە تیشک دەخاتە سەر گرنگی پشکنینی بۆماوەیی پێش هاوسەرگیری، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە هاوسەرگیری خزمەکان باون، بۆ ڕێگریکردن لە لەدایکبوونی منداڵی تووشبوو بە نەخۆشییە بۆماوەییە دەگمەن و ئاڵۆزەکان”.
