لێبڕینی مووچە لە فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت

دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێك بەسەر پەیڕەو كردنی لێبڕینی مووچە لە مووچەی چەندین مانگی فەرمانبەرانی هەرێم بەتایبەت لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا و كەرەنتینەی گشتی، كە بووە هۆی دابەزینی بەهای نەوت، جارێكی دیكە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە، كە ئەمجارەیان بە ڕێژەی 3%ە و بۆ خانەنشینییە.

لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنادا لە ساڵی 2020دا، كە بووە هۆی كەرەنتینەی گشتی و بەتەواوی كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ و نەوت، حكومەتی هەرێم سەرباری ئەوەی مووچەی چەند مانگێكی نەدا بە فەرمانبەران و خانەنشینان، بڕیاریدا لەسەر لێبڕینی ڕێژەیەك لە مووچە، بەڕێژەی جیاواز لەنێوان 18% و 21% بوو.

لەئێستاشدا بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، لەسەر داوای دارایی عێراق بڕی 3% لە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران و خانەنشینان دەبڕدرێت بۆ 10 ساڵی ڕابردوو لە (2014 تاكو 2024) و لە مووچەی مانگی 7ەوە لێبڕینەكە دەستپێدەكات و لە فەرمانبەران بە 3 ساڵ (36 مانگ) و لە خانەنشینان بە 5 ساڵ (60 مانگ) وەردەگیرێتەوە.

ئەم لێبڕینی خانەنشینییە لەكاتێكدایە، كە لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا چەندین مووچە نەدراوە و چەندین مووچەش بە لێبڕین و پاشەكەوت بووە، كەچی لێبڕین لەو مووچانەش دەكرێت ئەمە سەرباری ئەوەی پلەبەرزكردنەوەش ڕاگیراوە، كە ئەوەش لێبڕینێكی دیكە بووە لە مووچە.

یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی بە کەناڵ8ـی رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی بە سیستمی پەیڕۆڵ بۆ هەولێر نێردراوە.

وتیشی، “لەبەرئەوەی لێبڕینی %3ـی مووچەی فەرمانبەران لە مانگی تەمموز جێبەجێ دەکرێت، بۆیە لە 15ـی تەمموزەوە خەریکبوون و لیستی مووچەکەمان بەو لێبڕینەوە ڕەوانەی هەولێر کردووە، هەندێک فەرمانگەش کە لێبڕینی %3 کەیان دەکەوێتە مانگی ئاب”.

باسی لەوەشکرد، لێبڕینی %3ـی خانەنشینان راستەوخۆ لێیان دەبڕدرێت لەکاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی تەمموزدا لەماوەی 60 مانگدا، بەڵام فەرمانبەران لێبڕینی %3 کەیان بۆ ماوەی 36 مانگە و وتیشی، “لێبرینی %3ـی مووچەی فەرمانبەران لەنێوان 20 تاوەکو 400 هەزار دینار دەبێت”.

هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وتویەتی، ” لەبەرئەوەی لێبڕینی %3ـی مووچە لە فەرمانبەران لەمانگی تەمموز جێبەجێ دەکرێت، وردبینیی لیستەکە چەند ڕۆژێکی دیکە تەواو دەکرێت و پاشان بڕیار لە ناردنی بۆ بەغدا دەدرێت”.

ئەوەشی دووپاتکردەوە، چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن بۆ ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی مانگی حوزەیران، تاوەکو بەغداش مووچەی مانگی حوزەیران ڕەوانە بکات.

بڕیاری لێبڕینی 3%ی مووچە دوای ئەوە دێت، كە حكومەتی هەرێم بڕیاری جێبەجێ‌ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقی دا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان سندوقی خانەنشینی نەبووە تاوەكو پارەی لێبڕینی خانەنشینی ساڵانی ڕابردووی فەرمانبەرانی تێدا هەڵبگیرێت، هەربۆیە مەرجی عێراق بۆ هاوتاكردن و خەرج كردنی مووچەی خانەنشینان وەكو خانەنشینانی عێراق لێبڕینی 10%ی مووچەی بنەڕەتییە بەپێی یاساكە، كە پێشتر لە هەرێم 7% بووە و لە ئێستاشدا عێراق داوای قەرەبووكردنەوەی ئەو 3%ی خانەنشینییە دەكات.

لێبڕینی 3%ی مووچە ناڕەزایی مووچەخۆرانی لێكەوتۆتەوە و پێیان وایە، چۆن دەكرێت لێبڕین لە چەندین مووچەی نەدرا و پاشەكەوت كراو و لێبڕاو بكرێت و لە بەرامبەریشدا فەرمانبەران قەرەبوو نەكرێنەوە بە پێدانەوەی پلەبەرزكردنەوەی 10 ساڵی ڕابردوو.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە