بە هۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٩٨ فەڵەستینی کوژراون و هەزار و ٧٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە، لە ڕاگەیاندراوێکدا نوێترین زانیاری سەبارەت بە قوربانییانی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٩٨ تەرم و هەزار و ٧٩ بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی غەززە.
لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلدا کە ئاگربەستەکەی ١٩ی کانوونی دووەمی لە غەززە شکاند و، لە ١٨ی ئادارەوە هێرشەکانی دەستیپێکردەوە، نۆ هەزار و ٢٤٦ هاووڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و، ٣٦ هەزار و ٦٨١ دیکەش برینداربوون.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٦٠ هەزار و ٤٣٠ کەس، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ١٤٨ هەزار و ٧٢٢ کەس.
ئاماژە بەوەیش دەکرێت کە هێشتا تەرمی هەزاران کەس لەژێر داروپەردووی ڕووخاوی بیناکاندا ماونەتەوە.
هاوکات ڕاگەیاندراو کە لە ئاکامی گەمارۆکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، لەمیانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا حەوت کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا و ژمارەی قوربانیان بەهۆی برسێتییەوە گەیشتە ١٦٩ کەس کە ٩٣یان منداڵ بوون.
