عێراق تاوانبارێكی شاڵاوەكانی ئەنفال بە ناوی “عەجاج ئەحمەد حەردان” دەستگیرکرد کە یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە لە باشووری عێراق.
نووسینگەی خانمی یەكەمی عێراق رایگەیاندووە: داوا لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان دەكەین پەیوەندیمان پێوەبكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو تاوانبارە.
عەجاج کێیە؟
عەجاج یان حەجاج، ناوی (عەجاج ئەحمەد حەردان) تکریتییە، خەڵکی تکریتە و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، واتە عەشیرەتەکەی سەدام حسێن، هەروەها پلەی رائیدی ئەمن بووە.
لە دوای روخانی رژێمی بەعس، ماڵی لە کەرکوک بووە، دواتر بەرەو سووریا رایکردووە و لە گەڕەکی جەرمانەی دیمەشقی پایتەختی سووریا لە شوقەیەکدا ژیاوە.
لە کاتی دادگایکردنی سەرانی رژێمی بەعس، بەردەوام سەیری پرۆسەکەی کردوە و ئاگاداری ئەوە بووە ناوی وەک تاوانبار لە تاوانی ئەنفالدا هاتووە.
سێ کوڕی هەبووە، دووانیان بوونەتە چەکداری قاعیدە و لە شەڕێکدا لە ناحیەی (زلوعیە)ی پارێزگای سەڵاحەدین کوژراون، هەروەها کوڕە بچووکەکەی ناوی رائید بووە و لە سووریا لەگەڵ باوکی ژیاوە.
عەجاج دوو پاسەوانی تایبەتی هەبووە بەناوەکانی سەخر و شەوقی، چارەنووسی سەخر نادیارە، شەوقی لە ساڵی ٢٠١١ چووەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەری کردوە.
سەرچاوە: کوردستانی نوێ

