دوای ئەوەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، تاران بە مەرجی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی شەڕەکەی ئەمدواییە ئامادەیی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان دەردەبڕێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پێش دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، دەبێت ئەمریکا قەرەبووی زیانەکانی شەڕەکەی ئەمدواییەی لە دژی ئێران بکاتەوە.
وتیشی: “دوای جەنگەکەی ئیسرائیل، ئێرن ناگەڕێتەوە بۆ دۆخە ئاساییەکە پێشوو و هەتا ئەمریکاش بەردەوام بێت لەسەر داوای ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، ڕێککەوتن ناکرێت”.
ئەم لێدوانەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، نووسینگەی پاراستنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC)، زیاتر لە ١١٥ سزای ڕاگەیاندووە کە ئەو کەس و دامەزراوانەی کردووەتە ئامانج کە پەیوەندیان بە گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانەوە هەیە لە ئێران و ڕووسیاوە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تا ئێستا، ئەمە گەورەترین هەنگاوی سزادانە بەسەر ئێراندا.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو سزایانە، پاراستنی ئاسایشی ئەمریکا لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێن.
