دەرزییەكی “موعجیزەیی” دژی 15 جۆری شێرپەنجە دۆزرایەوە

دەرزییەك، كە بە “موعجیزەیی” وەسف دەكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ١٥ جۆر شێرپەنجە لە ماوەی ٥ خولەکدا ڕاگەیەنرا و بەریتانییەكان بە “سەردەمێکی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە” ناوی دەبەن.

دەرزییەكی نوێ‌ دەبێتە فریادڕەسی نەخۆشانی شێرپەنجە
بەپێی ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل) هەزاران نەخۆش لە دەستەی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا “دەرزییەکی موعجیزەئاسا” وەردەگرن، کە دەتوانێت بەرەنگاربوونەوەی ١٥ جۆر شێرپەنجە بێت. ئەم دەرزییە ڕێگە بە نەخۆشەکان دەدات لە ماوەی کەمتر لە پێنج خولەکدا چارەسەری بەرگریی مانگانە یان دوو هەفتەیی خۆیان وەربگرن، کە شارەزایان پێیان وایە مژدەی سەردەمێکی نوێ دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەدا.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، چارەسەرەکە لە ڕووی پزیشکییەوە بە (نیڤۆلوماب) ناسراوە، كە پێشتر لە ڕێگەی ناو خوێنبەرەوە بەکاردەهێنرا، کە تا کاتژمێرێک دەخایەنێت. بەڵام ئێستا وەک دەرزی ژێر پێست دیزاین کراوە و تەنها سێ بۆ پێنج خوولەک دەخایەنێت و دوو هەفتە جارێک یان مانگانە جارێک دەدرێت. پێشبینی دەکرێت مانگانە نزیکەی ١٢٠٠ نەخۆش لە ئینگلتەرا سوودمەند بن لەم تەکنەلۆژیا نوێیە.

شارەزایان ڕایانگەیاندووە، ئەم دەرزییە داهێنەرە نوێنەرایەتی پێشکەوتنێکی گەورە دەکات لە چاودێریکردنی شێرپەنجە و ژیان دەگۆڕێت، لەکاتێکدا جیهان شایەتی زیادبوونی مەترسیدارە لە شێرپەنجە، لەنێویاندا شێرپەنجەی پێست و ڕیخۆڵە، لەنێو کەسانی خوار تەمەنی 50 ساڵدا، ئەمەش دیاردەیەکە کە پزیشکەکانی لە سەرانسەری جیهاندا شۆك كردووە.

پرۆفیسۆر پیتەر جۆنسۆن، بەڕێوەبەری کلینیکی نیشتمانی بۆ شێرپەنجە لە دەستەی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا (NHS) وتی: “چارەسەری بەرگری هەنگاوێکی گەورە بووە بۆ پێشەوە بۆ زۆرێک لە نەخۆشانی NHS کە تووشی شێرپەنجە بوون و بە توانای گەیاندنی وەک دەرزییەک لە چەند خولەکێکدا، دەتوانین پڕۆسەکە ئاسانتر بکەین”.

لەمبارەیەوە ئاشلی داڵتۆن، وەزیری تەندروستی گشتی کە سەرەتای ئەمساڵ ڕایگەیاند، کە بۆ جاری دووەم تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە، وتی: بەریتانیا ناوەندێکی سەرەکی داهێنانە، نوێترین تەکنەلۆجیای پزیشکی و داهێنان دروست دەکات بۆ یارمەتیدانی خەڵک بۆ زاڵبوون بەسەر نەخۆشیدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو دەرزییە نوێیەی کە چارەسەری شێرپەنجە خێراتر دەکات نموونەیەکی سەرەکییە بۆ ئەمە، بۆیە زۆر خۆشە کە ببینین نەخۆشانی شێرپەنجە لە ئینگلتەرا لە یەکەم کەسەکان دەبن لە ئەوروپا کە سوودمەند دەبن”.

وتیشی: “لەگەڵ بەردەوامبوونی باشتربوونی چارەسەرەکانی شێرپەنجە، حکومەت دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە نەخۆشانی NHS لە یەکەم کەسەکان دەبن کە نوێترین چارەسەر و تەکنەلۆژیا وەردەگرن”.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دەزگای دەرمان و بەرهەمە تەندروستییەکان (MHRA) گڵۆپی سەوزی بۆ چارەسەرکردنەکە هەڵکرد.

لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکان چی ڕوویدا؟
لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا، نەخۆشەکان زۆر ڕازی بوون لە دەرزی ژێر پێست، کە سێ بۆ پێنج خولەکی دەوێت بۆ بەڕێوەبردنی. هەروەها ئەنجامەکان دەریانخست، کە دەرزییەکە ئاستی هاوشێوەی دەرمانەکەی لە جەستەدا بەرهەمهێناوە و کاریگەری لاوەکی هاوشێوەی فۆڕمی ناو خوێنبەر (IV) بووە.

دەرزی نیڤۆلوماب چییە؟
نیڤۆلوماب دژەتەنێکی دروستكراوە لە پڕۆتین، كە لە تاقیگەدا دروست دەکرێت. کاردەکات بە بەستنەوە بە پرۆتینێک کە پێی دەوترێت PD-1 لەسەر جۆرێک لە خانەی بەرگری کە پێی دەوترێت خانەی (T cells) كە بەشێكە لە خڕۆكە سپییەكان و كار لەسەر بەرگری دەكات.

ئەم بەستنەوەیە ڕێگری دەکات لە خانە شێرپەنجەییەکان کە خانەکانی خرۆكە سپییەكان لەکاربخەن، ئەمەش ڕێگە بە سیستەمی بەرگری دەدات بەدوای خانە شێرپەنجەییەکاندا بگەڕێت و لەناویان ببات.

خزمەتگوزارییەکانی شێرپەنجەی NHS خۆیان ئامادە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی یەکەم نەخۆشەکان بەو چارەسەرە نوێیە لە مانگی داهاتوودا کاتێک پێداویستییەکان دەگەنە بەریتانیا.

جەیمس ڕیچاردسۆن، دەرمانسازێکی کلینیکی و ڕاوێژکاری نیشتمانی بۆ دەرمانی شێرپەنجە، وتی: “زۆر دڵخۆشم کە نەخۆشانی NHS لە سەرانسەری ئینگلتەرا بەم زووانە دەتوانن سوود لەم چارەسەرە خێرا و کاریگەرە وەربگرن، کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک شێرپەنجە، لەوانە شێرپەنجەی پێست و وەرەمە ڕەقەکان، کە لە گورچیلەکانەوە سەرچاوە دەگرن”.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پێشەوە لە چارەسەری شێرپەنجە و توانای باشترکردنی ژیانی هەزاران نەخۆش هەیە مانگانە.

پشکنینەکە چۆن ئەنجام دەدرێت؟
پشکنینەکە لەلایەن تیمێکی زانکۆی ساوسهامپتۆنەوە پەرەی پێدراوە و زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنرێت بۆ شیکردنەوەی نمونەی خوێن بۆ دەستنیشانکردنی پارچەی بچووکی مادەی بۆماوەیی لە وەرەمەکان بۆ دیاریکردنی بوونی شێرپەنجە لە جەستەدا. پشکنینەکە بۆ نزیکەی ٨ هەزار نەخۆش ئەنجام دەدرێت، کە پشکنینی ١٢ لە باوترین جۆری شێرپەنجە دەکات.

لەوانە سارکۆمای ڕیخۆڵە، سییەکان، مەمک، پرۆستات، پەنکریاس، هێلکەدان، جگەر، مێشک، سورێنچک، میزڵدان، گەدە و ئێسک و شانە نەرمەکان.

توێژینەوەی شێرپەنجەی بەریتانیا مەزەندە دەکات، کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بەهۆی زیادەڕۆیی لە بەرکەوتنی تیشکی سەروو بنەوشەیی لە خۆر یان جێگەی ڕەنگکردنەوە. هەروەها نەخۆشییەکە دوای تێکچوونی DNA لە خانەکانی پێستدا ڕوودەدات و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری کە دەبێتە هۆی شێرپەنجە.

سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لە چارەسەرکردندا، کە ڕێژەی مانەوە لە کەمتر لە ٥٠% بۆ زیاتر لە ٩٠% لە دەیەی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا ساڵانە زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس دەمرن.

لەوبارەیەوە دکتۆر خالد محەمەد عەبدولوەهاب، ڕاوێژکاری نەشتەرگەری شێرپەنجە بۆ (وەتەن) ڕوونیکردەوە، کە ئەو بابەتە هێشتا لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندایە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. بۆیە تەنها توێژینەوەیەکە کە ڕەنگە ڕاست بێت یان هەڵە، بەتایبەتی کە دەبێت لەسەر ئاژەڵی تاقیگەیی تاقیبکرێتەوە، پاشان مرۆڤ خۆبەخشانە، بۆ پێوانەکردنی سەرکەوتن و کاریگەرییە لاوەکییەکانی، دواتر باسکردنی و کاریگەرییەکەی لە چارەسەرکردندا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە