وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان ڕووپێوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی ڕێژەی هەژاری ڕەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بە پێی ئەنجامەكانی ڕووپێوی ئاماژە پێكراو ڕێژەی هەژاری لە عیراق ١٩.٣% و لە هەرێم ٨.٦%یە.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم بەیانیە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لە شاری بەغدا ئەنجامدا، تیایدا ڕاپۆرتی (هەژاری فرە ڕەهەند MPI) ڕاگەیاند كە بەهاوكاری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP) ئامادە كرابوو.
ڕاشیدەگەیەنێت، ئەم ڕاپۆرتە بێ ئاگاداری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و دەستەی ئاماری هەرێم ڕێكخراوە، كە دەبوایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی كار لەسەر ئەم ڕاپۆرتەو وردە كارییەكانی بكرایە تاكو ڕاو بۆچوونی حكومەتی هەرێم تیایدا جێگیر بكرابا.
دەشڵێت: پێویست بوو كە دوا ڕەشنوس بە دەستمان بگات تاكو پێش وەخت ئەنجامەكانی پەسەند بكەین و ئامادە بین لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی و دواتر سوود لە ئەنجامەكانی وەر بگرین.
جەختیشی كردۆتەوە، ڕێژەكانی ئاماژەپێكراو لە ڕاپۆرتەكەدا پشتی بەستووە بە داتاكانی دوا ڕووپێوی (ئابووری وكۆمەڵایەتی خێزان) (٢٠٢٣-٢٠٢٤) و لە ( ۲٦ـ۲ـ۲۰۲٥ ) ئەنجامەكانی ڕاگەیندرا و بە مەنهەجیەتی زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی كاری لەسەر كراوە، كە لە ساڵانی پێشتر پێكەوە لەگەڵ دەستەی ئاماری عیراق ڕاهێنان كرابوو بۆ بەكارهێنانی نیشاندەرەكانی تاكو نەك تەنها هەژاری ماددی بنەمای پلان و ستراتیجەكان بێت (بە پێی ئەنجامەكانی ڕووپێوی ئاماژە پێكراو لە عیراق ١٩.٣% و لە هەرێم ٨.٦%) بەڵكو ڕێبەری هەژاری فرە ڕەهەند دروست بكرێ بۆ پەنجە دانان لەسەر جۆرەكانی تری هەژاری لە كۆمەڵگا.
