وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند، هۆکاری کەمبوونەوەی ئاوی سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوێنێ کاریان لە پاککردنەوەی فلتەرەکانی هێڵی دووەمی سلێمانی دوکان کردووە و ئەمڕۆ دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەبێتەوە.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە “تۆڕی میدیای خەڵک”ی ڕاگەیاند: دوێنێ لە هێڵی دووەمی ئاوی سلێمانی پاککردنەوەی فلتەرەکان هەبوو، بۆیە دابەشکردنی ئاو دواکەوت و ئەمڕۆ دۆخەکە وردە وردە ئاسایی بووەتەوە.
باسی لەوەشکرد: کەمبوونەوەی ئاو کاریگەری لەسەر دابەشکردنی ئاو هەبووە، لەوانە کەمبوونەوەی ئاوی سەرچاوەی سەرچنار کە ئاوی خواردنەوەی چەند گەڕەکێکی دابین دەکرد.
ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی گەڕەکەکانی سلێمانی لە هێڵی دووەمی دوکان سلێمانی ئاو وەردەگرن، بە بوونی بچوکترین گرفت لەو هێڵەدا، ئەو گەڕەکانە دووچاری نەبوونی ئاو دەبنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کەمبوونەوەی ئاو بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی سلێمانی گرتووەتەوە و زۆربەی هاووڵاتییان بۆ دابیکردنی ئاوی خواردنەوە پەنا بۆ کڕینی ئاو بە تانکەر دەبەن.
