ەهۆی بوومەلەرزەکەی کامچاتکا، لە رووسیا و ژاپۆن و چین و ئەمریکا هۆشداری لە روودانی تسۆنامی درا.
بە پێی راگەیاندنیی ناوەندی لێکۆلینەکانی جیۆلۆجی ئەمریکا بوومەلەرزەکە بەگوڕی 8.8 پلە بە پێوەری رێختەر لە نیمچەدوورگەی کامچاتکای رووسیا ڕوویداوە و کۆمەڵێک پاشلەرزەی بەهێزیشی بەدوادا هات و بووە هۆی دروستبوونی تسۆنامی لە هەندێک ناوچەی کەناراوی دەریای هێمن.
بەهۆی ڕوودانی بوومەلەرزە و تسۆنامییەوە، لە ناوچەی کامچاتکا لە ڕووسیا باری نائاسایی ڕاگەیاندرا.
لە ئەمریکاش داوا لە هاوولاتییانی ویلایەتی هاوای کرا کەناراوەکان چۆڵ بکەن.
بەپێی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی فەرمی ژاپۆنیش، دوای بڵاوکردنەوەی هۆشداریی لە بارەی ڕوودانی تسۆنامی کە ڕەنگە تا سێ مەتر بەرزببێتەوە، بەرپرسانی وڵاتەکە داوای چۆڵکردنی ناوچەکەیان کرد تا گشت ئاگادارییەکان هەڵدەگیرێن.
دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکان، تسۆنامییەک بە بەرزی 50 سانتیمەتر لە بەندەری ئیشینۆماکی لە پارێزگای میاگی و، 40 سانتیمەتر لە بەندەری تۆکاچی و شەپۆلێک بە بەرزی 30 سانتیمەتر لە شاری ئێریمۆ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هۆکایدۆ تۆمارکرا.
هەروەها چەند شەپۆلێک بە بەرزی 20 بۆ 40 سانتیمەتر لە ناوچەکانی تۆهۆکو و کانتۆ بەدیکرا.
