جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە لەسەر، پێویستیی پابەندبوونی هەردوولا بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی كرد لە ستیڤ بیتنەر، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و پێكەوە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێكی دیكەیان تاوتوێكرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور و لە ڕێگای گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامەوە.
قوباد تاڵەبانی، جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوونی هەردوولا بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان كرا و لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە زیانەكانی ئەو هێرشانە بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێم، وتی، “بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە سەقامگیریی عێراق دەخاتە مەترسییەوە و نابێت رێگا بە دووبارەبوونەوەیان بدرێت”.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، جێگری سەرۆك وەزیران هیواشی خواست “حكومەتی فیدراڵ لایەنی ئەنجامدەری ئەو هێرشانە بۆ رای گشتی ئاشكرابكات و ڕووبەڕووی سزای یاساییان بكاتەوە”.
