یوسف محەمەد: بڕیاری دارایی بۆ لێبڕینی 3%ی خانەنشینی دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە

سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، كە لە ساڵی 2022 داوایەكی لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی لە حكومەتی هەرێم بردەوە بۆ هاوتاكردنی یاسای خانەنیشنی هەرێم لەگەڵ عێراق بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ لێبڕینی 3%ی مووچەی بنەڕەتی لە فەرمانبەران و خانەنشینان بە “نایاسایی” وەسف دەكات و داوا دەكات هەڵبوەشێنرێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو هەموو مووچە نەدرا و بڕاوەی فەرمانبەران و ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە بۆ نادەنەوە بە فەرمانبەران؟

د. یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە لێبڕینی 3% لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ 10 ساڵی ڕابردوو دەڵێت: ئەو نوسراوە، نایاساییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەگەرنا فەرمانبەران و خانەنشینان ئەتوانن لە دادگای كارگێڕی تانەی لێبدەن.

ڕاشیگەیاندووە، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق لە 2022 دەرچووە و دەبێت لەو كاتەوە هەم هاوتای مووچەی خانەنشینان بكرێت و هەر لەو كاتەشەوە لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەران و خانەنشینان بكرێت.

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

دوابەدوای سەركەوتنی داواكەمان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ژمارە (212/ فیدڕاڵی/ 2022) و، دەرچونی بڕیاری دادگا سەبارەت بە هاوتاكردنی موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و، جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموار كراو، دەسەڵاتدارانی هەرێم پاش دەستی دەستییەكی زۆر دواجار لەمانگی 7ی ساڵی رابردوەوە دەستیان كرد بەجێبەجێ كردنی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی.

یەكێك لەو كێشانەی لەجێبەجێ كردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 هاتۆتەكایەوە، نەبونی سندوقی خانەنشینییە لە هەرێم، هەرچەندە بەم دواییانە بڕیاری دروست كردنی سندوقەكە دراوە، بەڵام بەهۆی نەبونی ئەم سندوقە لە رابردودا، كۆی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم و بەشداریی دەوڵەت بۆ سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان دیار نییە و نازانرێ چیی لێكراوە!؟

لەم ڕۆژانە لە میدیاكانەوە بابەتی لێبڕینی خانەنشینی بە بڕی (3%)ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ هەموو ساڵەكانی دوای (1/ 1/ 2014) وروژێنرا، گوایا لەسەر داوای حكومەتی فیدڕاڵییە، دواتریش «نوسراوێكی وەزارەتی دارایی»ـی هەرێمم بەدەست گەیشت كە رێنمایی ئەم لێبڕینەیە و لەخوارەوە وێنەیەكی دادەنێم.

دوای لێكۆڵینەوەی ئەم شێوازە لە لێبڕین و بەو شێوەیەی لەو نوسراوەدا هاتوە، دەردەكەوێت كە ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندییەكی بە حكومەتی فیدڕاڵییەوە نییە، بەڵكو لەسەر خواستی دەسەڵاتدارانی هەرێمە. بەڵام ئەگەر لەسەر خواستی حكومەتی فیدڕاڵیش بێت، ئەوا داواكارییەكی ناڕەوایە و، لە ڕوی یاساییەوە هەڵەیە و لە هەمان كاتیشدا ستەمێكی گەورەیە لەفەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لەبەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە:

1. ئەوە راستە كە بە جێبەجێ كردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014، پێویستە بەپێی (مادەی 17/ یەكەم)ـی یاساكە لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران لە (7%)ەوە بگۆڕێت بۆ (10%)، بەڵام ئەی (7%)ەكەی كە لە پێشوتر لە موچەی فەرمانبەران بڕدراوە كوا!؟ ئەی باشە هەر بەپێی هەمان مادەو بەند ئەبێت بەشداریی خەزێنەی گشتی لە لێبڕینی خانەنشینی (15%) بێت، ئەی بۆ باس لەمە نەكراوە و ئەمەش نەكراوەتە قەرز لەسەر «حكومەتی هەرێم» و مانگانە (15%)ی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران وەك قەرز لەسەر خۆیان هەژمار بكەن بۆ هەمو ساڵەكانی دوای (1/ 1/ 2014) و بیدەنەوە!؟

2. لەو نوسراوەدا ئاماژە بەوە نەدراوە كە ئەم پارەیە لە موچەی مانگەكانی داهاتوی فەرمانبەران و خانەنشینان ئەبڕێت، ئەچێ بۆ كوێ!؟ خۆی لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەر و لە دەوڵەت كە ئەكاتە (25%)ی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەر، بەپێی یاسای خانەنشینی ئەبێت بە داهات بۆ سندوقی خانەنشینی. ئایا وەك هەمو لێبڕینی خانەنشینییەكانی پێشوی فەرمانبەرانی هەرێم ون ئەكرێت و كەس نازانێت چیی لێدێت!؟ ئایا چی ئەكەن بۆ بەستنەوەی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم بە سندوقی خانەنشینیی عێراق!؟

3. باشە ئێستا كە بە (أپر رجعی) لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوی ئاماژەپێدراو وەك قەرز ئەبڕن، ئەی ئایا ئەو هەمو فەرمانبەرەی لە (1/ 1/ 2014)ەوە خانەنشین بوون و شایستەی خانەنشینییەكی زیاتر بون بەپێی ئەو یاسایە، یان ئەوانەی پێش 2014 خانەنشین بون و بەپێی یاساكە دەبو لە 1/ 1/ / 2014ەوە موچەكەیان هەموار بكرێتەوە، ئایا قەرەبوی هەمو ئەو ماوەیەیان بۆ ئەكەنەوە و موچەكانی ئەو ماوەیەیان هاوتا ئەكەنەوە لەگەڵ یاساكە!؟

4. لە ڕوی یاساییەوە و بەپێی مادەی (37/ یەكەم)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (1)ی ساڵی 2022، بڕیارەكانی ئەو دادگایە لە رۆژی دەرچونیانەوە ئەچنە بواری جێبەجێ كردنەوە. بڕیاری (212/ فیدڕاڵی/ 2022) سەبارەت بە خانەنشینانی هەرێم و پابەند كردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە جێبەجێ كردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەمواركراو، لە رۆژی (23/ 11/ 2022) دەرچوە. واتە لەو بەروارەوە ئەو یاسایە بەركارە بۆ پرسی خانەنشینی بە لێبڕینی خانەنشینی و بە موچەشەوە. واتە لەو بەروارەوە پێویستە لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەر و دەوڵەت وەك یاسا بەركارەكەی لێبكرێ و، بە هەمان شێوە لەو بەروارەوە موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم هاوتا بكرێت، نەك لێبڕینی خانەنشینی هەموار بكرێ بەڵام موچەی خانەنشینی هاوتا نەكرێت! ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەیانەوێت یاسای خانەنشینیی بەركار لە 2014ەوە بە (أپر رجعی) جێبەجێ بكەن ئەوا پێویستە هەموی جێبەجێ بكەن نەك تەنها لێبڕینی خانەنشینی!

5. هەموان ئەزانین دەسەڵاتی هەرێم لەماوەی 10 ساڵی رابردودا دەیان ملیۆن دیناری هەمو فەرمانبەران و خانەنشینان و موچەخۆرانی تری هەرێم قەرزارن. دەبو بەپێی مادەی (13) لەو یاسای «چاكسازی»یەی هەڵایەكی گەورەی بۆ كرا، «وەزارەتی دارایی»ـی هەرێم سەرجەمی ئەو پاشەكەوت و لێبڕینانە كە لە موچەدا كراون هەژماریان بكات و بیانخاتە سەر ژمارە حسابێك، بۆ ئەوەی بەپێی رێنماییەك موچەخۆران سودمەند بن لێی، ئەی ئەم «وەزارەتی دارایی»یە بۆ ئەم ئەركە یاساییەی خۆی جێبەجێ نەكردوە!؟ باشە بە هۆی «پاشەكەوت»ـی زۆرەملێ و «لێبڕنەوە»ەوە موچەی هەندێك مانگی فەرمانبەران هەر نەدراوە، یانی چۆن ئەیانەوێت لێبڕینی خانەنشینی لە موچەیەك ببڕن كە هەر نەدراوە!؟ پێویستە ئەو قەرزەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە لێبڕینی خانەنشینیی ئەم سێ ساڵەی رابردوش بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم كە سەدان قاتی ئەو لێبڕینی خانەنشینییە قەرزاری فەرمانبەرانی هەرێمن.

لە كۆتایی دا جێی سەرسوڕمانێكی گەورەیە كە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم بیریان لەو جیاوازیی لێبڕینی خانەنشینییەی فەرمانبەران كردەوە، بەڵام بیریان لە بەشەكەی خۆیان لەو لێبڕینە نەكردەوە یان بیریان لە هاوتاكردنەوەی موچەی خانەنشینان نەكردەوە لەو كاتەوە!؟ یان چۆن بیریان لەو هەمو موچەیە نەكردەوە كە نەیانداوە بە موچەخۆران، یان بیریان لەو هەمو لێبڕینەی تر نەكردەوە كە بەهۆی وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزكردنەوەوە لە فەرمانبەرانی هەرێمی دەبڕن و، هەر بە هۆی ئەمەشەوە لە كاتی خانەنشین كردنیشیان دا ستەمێكی گەورەیان لێئەكەن!؟ ئەمانە هەر لێبڕین ئەزانن، بەڵام ئامادە نین ئەرك و بەرپرسیارییەتەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن.

هەر بۆیەش ئەو نوسراوە، نایاساییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، وەگەرنا فەرمانبەران و خانەنشینان ئەتوانن لە دادگای كارگێڕی تانەی لێبدەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە