لە گوندی گوڵانی حاجی کاک ئەوڵا لە ناحیەی باوەخۆشێنی سەر بە قەزای دەربەندیخان، دوو گەنج بەبێ بەکارهێنانی ھیچ ئامڕازێکی ڕاوکردن، تەنھا بە دەستەکانیان ماسی دەگرن، ئەمەش وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی دۆستایەتی ژینگە و ڕێزگرتن لە سروشت نیشان دەدات.
لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین و کەمبوونەوە و وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو، ئاستی ئاوی چەم و ڕووبارەکان دادەبەزێت، بە شێوەیەک لە ھەندێک چەمدا ئاوەکە بە تەواوی وشک دەبێت.
ئاوارە مەحمود (٣٤ ساڵ) و یوسف حسێن (٣٥ ساڵ)، کە خاڵۆزا و پورزای یەکترین و ھەردووکیان دانیشتووی گوندی گوڵانی حاجی کاک ئەوڵان، بە چەمی دێوانەدا دەگەڕێن و لەو شوێنانەی ئاوەکەی کەمیکردووە، لە بنی تاشەبەرد و تەنکاوەکاندا بە دەستەکانیان ماسییەکان ڕاو دەکەن.
ئەم گەنجانە وەک خۆیان باسی دەکەن خۆشییەکی زۆر لەم جۆرە ڕاوکردنە دەبینن و، ڕۆژانە بەیەکەوە ڕوو لە چەمەکە دەکەن بۆ ڕاوە ماسی.
ئەو ماسیانەی دەستیان دەکەوێت بەشێکی بۆ خۆیان ھەڵدەگرن و دەیبەنەوە لەگەڵ خێزانەکانیاندا دەیخۆن، بەشێکی دیکەشی دەبەخشن بە خەڵکی گوند و کەسوکار و ھاوڕێکانیان.
ئاوارە مەحمود ڕایگەیاند: “لە وەرزی ھاویندا سەرچاوەی ئاوەکان کەم دەکەن، ئەم چەمانە کە گۆمەکانیان ئاویان تێدا نامێنێت ماسی لەناو گۆمەکاندا جێدەمێنێت، کاتێک ئاوی گۆمەکان کەم دەکات ئێمەیش ھەڵدەستین بە گرتنی ئەم ماسیانە بە دەست. ئەمە جۆرە ڕاوێکی تایبەتە بە خۆمان. چەندین ساڵە ئێمە سەرقاڵی ئەم ڕاوەین کە بە دەست ماسییەکان دەگرین”.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر ئەوانیش ئەو ماسیانە ڕاو نەکەن، ئەوا دوای چەند ڕۆژێک یان ھەفتەیەکی دیکە لەگەڵ وشکبوونی ئاوەکە ماسییەکان دەمرن و کەس سوودیان لێ نابینێت.
ئاوارە مەحمود وتیشی: ”ئەگەر ئێمە ئەم ماسیانە نەگرین، ئەوا لەگەڵ وشکبوونی ئاوەکەدا دەمرن و بەفیڕۆ دەچن. ئەمە جۆرە ڕاوێکی زۆر تایبەت و خۆشە لەم شوێنانەدا کە ئێمە دەیکەین، تام و لەزەتێکی تایبەتی ھەیە. ماسییەکان دەگرین و بۆ خۆمان دەیخۆین و بەشی خەڵکیشی لێدەدەین، ئەوەی لە خۆمان زیاد بێت دەیبەخشین”.
ئەو گەنجە ئاماژەی بەوەشکرد کە ماسی چەمی دێوانە ماسییەکی زۆر تایبەتە، بەتایبەتیش ماسییە سوورەکەی و، وتی: “ماسی سوورەی زۆر زۆر تێدایە، بە بیرەوەری کەسانی بەتەمەنیش ماسی سوورە لە چەمە نەبڕاوە. ماسییەکی زۆر زۆر جوان و تایبەتە و گۆشتی زۆر زۆر خۆشە”.
یوسف حسێن باسی لەوە کرد کە ئەو ماسیانەی بە کەڵکی ڕاو نایەن و بچووکن، ڕێڕەوێکیان بۆ دەکەنەوە تا ماسییەکان بتوانن بچنە ئەو گۆمە گەورانەی ئاویان تێدا ماوە و، وتی: “ئەم ماسیانە لێرەدا گیریان خواردووە، ڕێڕەوێکیان بۆ دەکەینەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو گۆمە گەورەکەوە و بمێننەوە”.
لە کەناری چەمەکەدا لەو شوێنانەی لە ڕۆژانی پێشتردا ئاویان تێدا بووە و دواتر وشکی کردووە، کۆمەڵێک ماسی بەدیدەکرێن کە بەھۆی نەمانی ئاوەوە تیاچوون.
سەبارەت بە ڕاوکردنی ئەو ماسیانەی لە تەنکاوەکاندا گیریان خواردووە، یوسف ڕایگەیاند: “ئەگەر دوای چەند ڕۆژێکی دیکە یان ھەفتەیەک ئەم ماسیانە لەم ئاوە کەمە دەرنەکەین، بەم شێوەیە خۆیان تیا دەچن و ھیچ سوودێکی بۆ کەس نابێت”.
ئەم دوو گەنجە نموونەی ئەوەن کە چۆن دەتوانرێت لەگەڵ سروشتدا بژین و سوود لە بەخششییەکانی وەربگیرێت، ھاوکات پارێزگاری لە ژینگە بکرێت و ڕێگە نەدرێت بە شێوازی نایاسایی بە بۆمب و دەرمان ماسیەکان ڕاوبکرێن.






