کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵ لە زانکۆی دھۆک، ماوەی دوو ساڵە دوو تۆوی نوێی پەتاتە دەچێنێت و بۆ یەکەمجار بەرھەمەکەی پێگەیشت.
عەمار عەلی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەرھەمھێنانی تۆوی نوێی پەتاتە لە زانکۆی دھۆک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٠، لەمبارەیەوە وتی: “ژمارەیەک ئەندازیاری چاندن لە زانکۆی دھۆک بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیای کەرتۆپ و ھەندێک شارەزای ھۆڵەندی بۆ ماوەی دوو ساڵە لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم دوو تۆوە نوێیەی پەتاتە دەکەن، بەرھەمی ئەم پەتاتەیە بۆ ساڵی داھاتوو بەسەر جووتیاران دابەش دەکرێت بۆ بەرھەمھێنان”.
، وتیشی: “ئەم پەتاتەیە ھەرزانتر دەکەوێت و بەتامتریشە لەو جۆرەی لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دەھێندرێت”.
لایخۆشیەوە ساڵح ساڵح، نوێنەری کۆمپانیای کەرتۆپ ڕایگەیاند، “ئەم دوو تۆوەی پەتاتە بۆ ماوەی دوو ساڵە لە سنووری ناحیەی باتێلێ سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چێندراوە، بۆ ئەوەی بزانین لەگەڵ کەشوھەوای ھەرێمی کوردستان دەگونجێت یان نا، بەرھەمەکە ئێستا پێگەیشتووە، یەکەمجارە لە سەر ئاستی عێراق ئەم بەرھەمە نوێیە پێدەگات”.
وتیشی: “جووتیارانی ھەرێم دەتوانن سوودی لێ ببینن، چونکە جووتیاران کێشەی بنەتۆوی پەتاتەیان ھەیە و لە دەرەوە ھاوردەی دەکەن، ئەم تۆوە دەبێتە بەرھەمێکی ناوخۆیی و، جووتیاران دەتوانن زیاتر پشتی پێ ببەستن”.
ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دھۆک نزیکەی ٥٠ ھەزار تۆن پەتاتە چێندراوە و پێشبینی دەکرێت بەرھەمەکەی بگاتە ٦٠٠ ھەزار تۆن، ساڵ بە ساڵ بڕی زیاتری پەتاتە لە دھۆک دەچێندرێت و بەرھەمەکەشی لە بازار ساخ دەبێتەوە و ڕەوانەی عێراق و دەرەوەی وڵاتیش دەکرێت.




