جوڵاندنی کارتی خێڵە عەرەبەکان و بەئامانجگرتنی کورد و هەسەدە؟

ئەبوبەکر عەلی

جوڵاندنی کارتی خێڵەکان لە پەلاماردانی سوەیداو دروزەکاندا، هێندەی تر دیمەنە سیاسی و سەربازییەکەی سووریای تێکەڵ و پێکەڵتر کرد.

بەش بەحاڵی خۆم پێموابوو ئەگەر ئەم هەنگاوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، کە عەقڵی هەواڵگری هەندێ دەوڵەتی هەرێمایەتی لەپشتەوە بوو،  کە دەیویست بەسوود وەرگرتن لە فەزای گفتوگۆکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا لەگەڵ ئیسرائیل لە باکۆ و لێدوانە نائاساییەکانی نێردەی واشنتۆن بۆ لوبنان و سووریا بە قازانجی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، دیفاکتۆیەکی نوێ لە سوەیدا بچەسپێنێت، بۆئەوەی جگە لەوەی بەشێکی تری سووریا بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع و بەوەش پێگەی بەهێزتر بێت، کارتێکی گرنگیش لە دەست ئیسرائیل وهەندێ ناوەندی تریش بستێنێتەوە، کە دەخوازن پرسی دروزییەکان بکەنە پاساوی دەستێوەردان و ڕێگریکردن لە هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێزی ئاراستەی ئایندە نەزانراو بە پاشخانێکی ئایدۆلۆژی مشت و ماڵکراوی پراگماتیەوە.

ئەو عەقڵەش بە حوکمی ئەزموونی نەتەوەسازی خوێناوی خۆی و زۆر شتی تر ستراتیژی تایبەت بە خۆی لەگەڵ پێکهاتەکان و ئەوهێز و ناوچانەدا هەیە، کە ئامادەنین بێ ملە جیڕە بچنە ژێر خواستی دەسەڵاتی نوێ و هاوپەیمانەکانیان. بە سەرنجدان لە ڕووداوی کەناراوی عەلەوییەکان و دواتریش دروزەکان ستراتیژەکە لەسەر چەند پایەیەك وەستاوە لەوانەش، زەبرلێدانێکی کوێرانە و خوێناوی جەرگبری چاوترسێنەر، بۆئەوەی ترس وتۆقینێکی وا بخاتە دڵیانەوە جارێکی تر بیر لە یاخیبوون وبەرگری نەکەنەوە. کە ئەوە هەمان تاکتیکی ئیسرائیلییەکانیشە.

لە ڕوویەکی ترەوە ئەنجامدانی تاوانەکان بە کەس و گروپ گەلێك دواتر خۆیان بە لەیاسا دەرچوو وەسفیان بکەن و لێپرسراوێتی قانونی و سیاسی وئەخلاقی ئەوەی ڕوودەدات ڕاستەوخۆ هەڵنەگرن وهێزەکانی شەرع و خۆشیان وەکو هێزی ناوبژیکەر و ئاشتیپارێز و پارێزەری هەمووان وەك یەك بخەنەڕوو.

بەڵام ئەگەر لە مەسەلەی عەلەوییەکاندا کارەکەیان زۆر قورس نەبووبێت لەبەر دۆخی تایبەتی پێکهاتەکە و ڕەنگدانەوەی دۆخی پێش و پاش ڕووخانی ڕژێم بەسەریدا، ئەوا لە سوەیدا مەسەلەکە بەو جۆرە نییە، چونکە سنووری ناوچەکە بە سنووری ئیسرائیلەوەیە، دروزەکان لانیکەم بەشێك لەوان پەیوەندییان لەگەڵ جولەکەکان وئیسرائیل کۆنە، ئیسرائیل بە فەرمی خاوەندارێتیان لێدەکات و دەتوانێت بەهێزیش ئەوەی دەیڵێت و دەیخوازێت بیهێنێت. لەوانەش سنووردارکردنی جووڵەی هێزەکانی سووریا لەو ناوچەنو ناوزەدکردنی بە ناوچەی لە چەك داماڵراو.

بۆیە بۆ پێچ لێدان بە دەوری ئەم واقیعەدا بیر لە بەکارهێنانی کارتی خێڵەکان کرایەوە. ئەم کارتەش لە ڕووی سیاسییەوە لەیەک کاتدا بە قازانجی دەسەڵات و دروزەکانیش بوو، بەڵام ڕەنگە عەقڵە هەواڵگرییەکە لە پێشبینییەکانیدا لەو ڕووەوە شکستی خواردبێت، هەر بۆیە ئەوەی کردی لانیکەم تا ئێستا چووە خزمەت هیجری و ئیسرائیلەوە. پەنا بردنە بەر کارتی خێڵ کە بە بەدووەکان دەستی پێکرد و دوواتر پەرەی سەند بۆ خێڵەکانی تر وا دەبینین چەندین ئامانجی لەپشتەوە بوو لەوانەش:

. دروستکردنی سەرەتای ئاژاوە و کێشەکە

. جەزرەبەدانێکی تووندی دروزییەکان لەڕێی کەسانێکەوە دەست لە سەر و ماڵیان نەپارێزن

. بەشداری هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق بە جلوبەرگ و لەژێر ناوی ئەواندا

. بیانوو دروستکردن بۆ چوونە ناو شارەکە بەناوی سنووردانان بۆ پێکدانانەکان

. داوای چەکدانانی هێزە دروزییەکان لە بەرامبەر چەکدانان و چوونە دەرەوەی بە دوو خێڵەکان.

. وێناکردنی ململانێکە وەك پرسێکی جەماوەری و خێڵەکی و تایەفی سووننیگەرایی گەورەتر لە شەرع و حکومەتەکەی.

. لێپرسراوێتی لە ئەستۆنەگرتنی یاسایی ئەوەی ئەنجام دەدرێت.

. پیشاندانی دۆخی بێدەوڵەتی لەشارەکەدا و ئەو باجەی کە ناوچەیەك و دانیشتووانەکەی لەو ڕووەوە دەیدەن.

. نیشاندانی ئەم هێزە وەك جێگرەوەی دۆخی حکومەتەکەی شەرع ئەگەر کەسانێك بیر لە گۆڕینی بکەنەوە

کارتی خێڵەکان و کورد و هەسەدە

وا دەبینم ئامانجی کۆتایی و گەورەی پشت جووڵە پێکردن بە کارتی خێڵەکان، جگە لەو شتانەی وتمان، هەروەها دەستکاریکردنی مۆرك و مەودا و قەبارەی ململانێکە لە ئاستی سووریادا و، نیشاندانی ئەوەی دۆخی نوێ هی سووننەی عەرەبە و لە ژێر هیچ دۆخێکدا دەستبەرداری نابن و ئەم پرسە پەیوەندی بە ناونیشان و هێزێکی دیاریکراوەوە نییە و لە ناودڵی تەقلید و ڕەگەزە پێکهێنەرە قووڵەکانی ئەو شوناس و پێکهاتەوە سەرچاوە دەگرێت، ئامانجی گەورە و کۆتایی کورد و هێزەکانی هەسەدەیە.

بە حوکمی ئەوەی هێزی بنەڕەتی ڕێکخراو و مەشقپێکراو و گەورە و خاوەن ئەزموون و پەیوەندی وئایدۆلۆژیا و مەسەلە، لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی ئێستادا کورد و هەسەدەیە.

سوەیدا گرنگییە زۆرەکەی ئێستای لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە لە خودی خۆیدا نییە بەڵکو پەیوەستە بە تێکەڵبوونی ئەم پرسە بە ستراتیژی ئیسرائیل بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکانی لەگەڵ دیمەشق و دوای ئەویش ئەنقەرە.

لەکاتێکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات جگە لە ڕەوایەتی ئەزموونی جەنگی داعش و ئەو ئەزموونە زۆر و زەبەندەی لەو بوارەدا بە دەستی هێناوە، پانتاییەکی جوگرافی گەورەی لەبەردەستدایە. خودان دامودەزگای حوکمرانی خۆبەرێوەبەرییە. هەموو ئەوەش پێگەکەی بەهێز کردووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەویش خاوەن خاڵی لاوازی خۆیەتی، یاخود دەخوازرێت هەندێ ڕووی ئەزموونەکەی وەک خاڵی لاواز نیشان بدرێت، بشکرێتە دەلاقەی چوونە ژوورەوەیەکی پیلانگێڕانە بۆ هەڵتەکاندنی بەشێ لەئەزموونەکە لە ناوەوە یاخوود لانیکەم لاواز کردنی.

یەکێ لەو خاڵانەش ناوچە عەرەبییەکەی ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی هەسەدەیە، ئەم ناوچانە گەرچی بەڕێژەیش بن ڕەمزی سەرکەوتنی ئەزموونی خۆسەرین لە لەخۆگرتنی ئەویدی نەتەوەیی وپێکهێنانی ئەزموونی هاوبەش، بەڵام لەهەمان کاتدا خاڵی لاوازی خۆبەرێوەبەرییەکەش پێکدەهێنن، هەڵبەت پێشترهەوڵی ئەوە دراوە لەڕێی خێڵەکانی ناوچەکەوە ئەزموونی خۆسەری لەناوەوە بتەقێنرێتەوە، بەڵام هەوڵەکان کە شەڕ و پێکدادانیشی لێکەوتەوە سەرکەوتوو نەبوون.

ئێستاش ڕەنگە خواستێکی لەو جۆرە لە چوارچێوەی ستراتیژێکی بەرفراوانتردا لەئارادا بێت، ئەوەی لە سوەیداش ڕوویدا مەشق پێکردن و زەمینە سازی و خۆئامادەکردن بووبێت.

ئەگەر ئەم ئەگەرە بێتە دی، کە پەیوەستە بەوەی کێشەکان لە نێوانی دیمەشق وهەسەدە بە گفتوگۆ چارەسەر دەبن یاخود سەردەکێشن بۆ جەنگ، هەوڵدەدرێت بەشێك لە خێڵەکانی ژێر سایەی دەسەڵاتی هەسەدە یاخی بوونی چەکداری ڕاگەیەنن وهەندێ ڕووداوی دروستکراو لەم ڕووەوە دروست بکرێت. خێڵەکانی تریش گوایە بە هانایانەوە بچن لە ژێر پەردەی ئەوانیشدا هەر هێزێکی تر بیانەوێت بینێرن. لەوەش زیاتر بیر لەوە بکرێتەوە بەشێک لە درێژکراوەی خێڵە عەرەبییەکان لە ناوچە سووننییەکانیش وەك بەشێک لە هەوڵی ئابڵوقەدان و سنووردارکردنی توانای مانۆڕ بەکاربهێنن؟

ئەمەی وتمان ئەگەرە و دەبێت ستراتیژستی سەربازی و سیاسی کورد لە ڕۆژئاوا و تەنانەت لە باشووریشدا ڕەچاوی بکات، چونکە ڕەنگە بیرۆکەی سوپای پاسدارانی عەرەبی سووننە لە سووریا و عێراقدا لەبیرکردنەوەی هەندێ بریار بە دەستی پایتەختە هەرێمییەکان ئامادەبێت؟

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە