spot_imgspot_img

پسپۆڕێكی دارایی: سەبارەت بە لێبڕینی 3% چەندین ستەم لە مووچەخۆر کراوە

دوابەدوای ڕێككەوتنی هەرێم و عێراق بۆ ناردنی مووچەی ئەمساڵ و هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان، وەزارەتی دارایی هەرێم لە لیستی مووچەی مانگی 7ەوە جگە لەو 10%ی بۆ خانەنشینی لە مووچەی بنەڕەتی دەبڕدرێت بڕی 3%ی دیكەش لە فەرمانبەران و هێزە ئەمنی و سەربازی و خانەنشینان دەبڕێت بۆ ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو، مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێت: چەندین مووچە نەدراوە یان بە پاشەكەوت و لێبڕین بووە چۆن پارەی لێ دەبڕدرێت؟!

بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق، كە لە ساڵی 2014 دەرچووە بڕی 10% لە مووچەی بنەڕەتی بۆ خانەنشینی دەبڕدرێت، بەڵام لە هەرێم جێبەجێ‌ نەكراوە و لە ئێستاشدا، كە هەرێم جێبەجێی دەكات، دارایی عێراق داوای بڕی جیاوازی لێبڕینی 7% بۆ 10% دەكات و بەوەش 3% دەبێت لە مووچەی ئەو 10 ساڵە ببڕدرێت و بەشێوەی قیست بە 3 ساڵ بۆ فەرمانبەران و بە 6 ساڵ لە خانەنشینان دەسەندرێتەوە.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ لێبڕینی ئەو 3%ە ناڕەزایی زۆری فەرمانبەران و پەرلەمانتاران و شارەزایانی یاسا و ژمێریاری لێكەوتۆتەوە و دەپرسن، لەو 10 ساڵەی ڕابردوودا چەندین مووچە هەر نەدراوە و هەندێكیان پاشەكەوت و لێبڕینی هەبووە چۆن دەكرێت لێبڕینی خانەنشینی لە مووچەیەك بكرێت كە نەدراوە؟!

گوڵاڵە سدیق، شارەزای کاروباری دارایی و بانک و مامۆستای زانكۆ لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، چەندین مووچەی مووچەخۆر نەدراوە، پاشەکەوتکراوە، لێی بڕدراوە، بەڵام ئێستا ئەو 3% لەو مووچە نەدراوانەش دەبڕدرێت بۆ ١٠ ساڵ!

ڕاشیگەیاندووە، چەندین مووچەخۆر مۆڵەتی بێ مووچەی کردووە ساڵ، دوو ساڵ، سێ ساڵ، بەڵام ئایا ئێستا ئەو 3% لەو ساڵانەش دەبڕن، کە مووچەخۆر هیچ مووچەیەکی وەرنەگرتووە و مۆڵەت بووە؟ ئەگەر دەبڕدرێت ئەمەش ستەمێکی ترە!

ڕوونیشی كردۆتەوە، لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا، 7% لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە مووچەخۆر بڕدراوە بەناوی سندوقی خانەنشینییەوە، لەبەرئەوەی لە هەرێم ئەم سندوقە نەبووە چارەنوسی ئەو بڕە پارەیە نادیارە، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا حکومەتی فیدراڵ داوای ئەو 7% بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە حکومەتی هەرێم دەکاتەوە یان تەنها داوای 3% لە مووچەخۆران دەکات و دارەکە لەسەری مووچەخۆر دەشکێنێت؟

بە وتەی ئەو پسپۆڕەی بواری دارایی، “حکومەتی هەرێم مافێکی مووچەخۆرانی زەوتکردوە، کە ئەویش پلەبەرزکردنەوەیە، چونکە مافێک یاسا بیدات ناتوانرێت بە رێنمایی ئەو مافە بسەنرێتەوە، تەنها بە یاسایەک دەتوانرێت ئەو مافە بسەنرێتەوە کە هێزی یاساکە هاوتای هێزی یاساکەی یەکەم جار بێت یان هێزەکەی زیاتر بێت.

گوڵاڵە سدیق دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم ئەم مافەی زەوتکردوە، پاش گەڕاندنەوەی پلەبەرزکردنەوە هاتووە جیاکاری لە نێوان وەزارەتەکان کردوە بۆ هەندێکیانی گەڕاندۆتەوە و بۆ هەندێکی نەگەڕاندۆتەوە، لەبەرئەوە ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەتی هەرێم ئەو مافە زەوتکراوە بۆ مووچەخۆران بگەڕێنێتەوە، چیتر ئەم جیاکاری و مەزاجە لەنێوان مووچەخۆرانی جێبەجێ نەکات، ئەگەر نا ئەمە پاڵنەرێکی باشە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ گەڕاندنەوەی پلەبەرزکرنەوە و هەژمارنەکردنی ئەو 3% بۆ مووچە نەدراوەکان و مۆڵەتە بێ مووچەییەکان.

لاى خۆشیەوە، عەبدولقادر ساڵح، راوێژکاری یاسایی ڕایگەیاندووە، دەبوو وەزارەتی دارایی حسابی بۆ ئەو مانگانە بکردایە کە مووچە نەدراوە یان لێبڕین هەبووە.

هاوكات فەرمانبەران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەپرسن: “چەندین مانگ مووچە نەدراوە یان پاشەكەوت بووە، ئایا لیبڕین لە مووچەیەك دەكرێت نەدراوە؟ چاودێری دارایی و داواكاری گشتی و دەستەی دەستپاكی پێویستە لێپرسینەوە لەسەر ئەمە بكەن، چونكە ئەوە نایاساییە، بە چی یاسایەك ئەگەر فەرمانبەر مووچەی وەرنەگرتبێت بەڵام خانەنشینی لەسەر حساب دەكرێت؟!”.

هاوكات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە کە زیادکردنی لێبڕینی خانەنشینی پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت و دەڵێت: چۆن جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بۆتە هۆی سودمەند بوونی سەدان هەزار خانەنشین و فەرمانبەر کە لە داهاتودا بەم یاسایە خانەنشین دەبن، دەبێت ئەو پابەندیەش جێبەجێ بکرێت کە بریتییە لە دانەوەی ئەو جیاوازی لێبرینە کە لایەنێکی تری یاساکەیە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەم لێبڕینی لە ( ٣٪ )یە، کە مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان گل دەدرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو سندوقی خانەنشینی یەکگرتووی حکومەتی فیدراڵەوە .

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە