وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم لەبارەی ئەو دەرمانانەی بەشیوەی ئۆنلاین بەناوی دابەزاندن و بەرزکردنەوەی کێش و سپیکردنەوە دەفرۆشێت زانیاری ئاشکرا دەکات و دەڵێت”سەرجەمیان نایاسای و قاچاخن”.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، تەواوی ئەو دەرمانانەی بۆ قەڵەوی و زەعیفی و سپیکردنەوەی پێست و سپیکردنەوەی ددان و لابردنی موو لە سۆشیال میدیاکانەوە ریکلامیان بۆ دەکرێت، قاچاغن و نا یاساین.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەرمانەی مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرتبێت، بەشیوەی ستیکەر لێی دەدرێت و ڕیگەپێدراوە، بەڵام وەک ئاشکرایە ئەو دەرمانانەی ڕێگە پێدانیان نییە مۆڵەت وەرناگرن، بۆیە لە سۆشیال میدیاکاندا بەناوی جیاواز بە هاووڵاتیان دەدرێت.
د. سامان داوایەکی گرنگی لە هاووڵاتیان کرد و وتی”تکاتان لێ دەکەم بەو ریکلامانە هەڵمەخەڵەتێن و پارەکانتان لەو دەرمانانە بەفیڕۆ مەدەن، چونکە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و نایاساین”.
سامان بەرزنجی جەختیشیکردەوە، چەندین کەیسی جیاواز لەم بارەیەوە لە دادگا تۆمار کراون، زۆربەی ئەو کەسانەی کاری کڕین و فرۆشتنی دەرمان بە ئۆنڵاین دەکەن کەسانی نادیارن و ژمارە مۆبایلێکی نادیار بەکاردەهێنێت و بە تەکسی دەرمانەکان دەگەیەنن بۆ شوێنەکان، بۆیە دڵنیابن هەر کەسێک دەرمانێکی بە کواڵێتی کۆنتڕۆڵ و یاسایی بفرۆشێت، بە دڵنیاییەوە لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە نایفرۆشێت و مامەڵەی پێوە ناکات.
وەزیری توندروستی هۆشداریدا و دەڵێت” هەر دەرمانێک ستیکەری وەزارەتی سامانە سرۆستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێوە نەبێت، بەڵای ئێمەوە دەرمانێکی قاچاغ و نایاساییە و لە هەر شوێنێک درکی پێبکرێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت”.
