مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە شارۆچکەی ئەڵایی سەردانی هونەرمەند و ئەکتەری دیاری بواری شانۆ و دراما خاتوو (نەرمین قادر) یان کرد و ئەو هونەرمەندە دەڵێت: خێزانەکەیان بەشێک بوون لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد و قوربانیشیان داوە.
مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بڵاویكردەوە، لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە شارۆچکەی ئەڵایی سەردانی هونەرمەند و ئەکتەری دیاری بواری شانۆ و دراما خاتوو (نەرمین قادر) یان کرد.
لەو بەسەرکردنەوەیەدا مەکتەبی سکرتارییەت ستایشی ڕۆڵَ و کۆشش و خزمەتەکانی خاتوو نەرمین قادر-یان کرد وەک یەکێک لە کارەکتەرە دیارو دێرینەکانی نواندن و درامای کوردی و بەڕێزەوە لەتەمەنی بەخشش و ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کردوە ڕووانی و هیوای سەلامەتی هەمیشەیی و تەندروست باشییان بۆ خواست .
هونەرمەند نەرمین قادر سوپاسی ئەو بەسەرکردنەوەیەی کرد و وتی، “وەک خێزانەکەیان بەشێک بوون لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد و قوربانیشیان داوە، بۆیە بە شانازییەوە هەوڵمانداوە بەشێک بین لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان”.
دەشڵێت: ئەوەی کردوشمانە تەنها بۆ ئەوە بووە لەڕوویەکی ترەوە خزمەت بکەین و ئەگەر لایەنی تەندروستیشم کە ماندوی کردوم ڕێبدات بە دڵنیایەوە بەردەوام دەبین .



