لەژێر کاریگەرییە قووڵەکانی جەنگی ڕووسیا -ئۆکرانیا لەسەر ناوخۆی ئەڵمانیا، وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا پلانێکی ڕاگەیاند، کە ئامانجی دامەزراندنی ٤٠ هەزار سەربازە ساڵانە تا ساڵی ٢٠٣١، ئەمەش هەنگاوێکە کە هەوڵی بەرلین بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازیی خۆی نیشان دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، داوای ئامادەکاریی تەواوی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر سیناریۆیەکی ئەگەری و ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆژە یاسایەک لەم بارەیەوە لە مانگی ئابدا پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت، پێش ئەوەی بۆ گفتوگۆکردن و پەسەندکردن ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١١دا سیستمی خزمەتی سەربازیی ناچاریی ڕاگرتبوو، بەڵام کەشی جیۆپۆلەتیکی گرژ و جەنگی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، وای لە بەرلین کرد پێداچوونەوە بەم سیاسەتە بەرگرییەدا بکات.
لەلایەکی دیکەوە، هەنگاوەکانی ئەڵمانیا بۆ بەدەنگەوەچوونی پێداویستییەکانی جەنگەکانی داهاتوو خێراتر دەبن، لە پێشبڕکێدایە لەگەڵ کات بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی خۆی بە شێوازی نائاسایی، کە یەکێک لە دیارترینیان وەبەرهێنانە لە تەکنەلۆژیای بەرگریی نوێ کە بەکارهێنانی مێرووی دەستکاریکراوی بۆماوەییە بۆ مەبەستی سیخوڕی.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕاپۆرتە میدیاییەکان وردەکارییەکی سەربازیی نوێیان ئاشکرا کردووە، کە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە داڕێژراوە و ئەرکی پەرەپێدانی ئەم ستراتیژییە بە نەوەیەکی نوێی کۆمپانیا تەکنەلۆژییە نوێیەکان سپێردراوە.
بەرلین دەستی کردووە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆتوبەندانەی پێشووتر کە ڕێگر بوون لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای شەڕی مۆدێرن، بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ پڕۆژەی نامۆ بکاتەوە کە “سیسرکە سایبۆرگەکان” و ڕۆبۆتی جەنگیی پڕچەککراو بە زیرەکیی دەستکرد دەگرێتەوە.
ئەم سیسرکە تێکەڵاوانە بەوە ناسراون کە مێرووی زیندوون و کامێرای ورد، هەستەوەری هەستیار و ئامێری پەیوەندیی پارێزراویان پێوەیە و لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێن بە مەبەستی دزەکردنە ناو گۆڕەپانەکانی جەنگ، کە دەتوانن وێنە بگرن و زانیاری و داتای هەستیار کۆبکەنەوە.
ئەم پڕۆژە پێشکەوتووە لەلایەن کۆمپانیای “سوارم بایۆتاکتیکس” (Swarm Biotactics) سەرپەرشتی دەکرێت، کە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەم سیسرکە دەستکاریکراوانە توانای کارکردنیان هەیە بە تەنیا یان لەناو کۆمەڵێکی سەربەخۆدا.
هەوڵەکانی نوێکردنەوەی سوپای ئەڵمانیا تەنها بەم لایەنە سنووردار نین، بەڵکو تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیستمی فەرماندەیی زیرەک، و چەکی وردیش دەگرێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لە ڕای گشتی بەرامبەر بە پرسە ئەمنییەکان و گەڕانەوە بۆ داهێنانی سەربازی لە ئەڵمانیا، پاڵنەرەکەی ڕاستی جەنگی ئۆکرانیا و ئەوەیە کە بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ڕووسیا بۆ سەر ئاسایشی ئەورووپا ناودەبرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، بەرلین خۆی ئامادە دەکات تا ساڵی ٢٠٢٩ بودجەی بەرگریی خۆی بە شێوەیەکی پلەبەندی بەرز بکاتەوە بۆ نزیکەی ١٧٥ ملیار دۆلاری ساڵانە، ئەمەش هەنگاوێکە کە پێگەی وڵاتەکە وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە سیستەمی بەرگریی ئەورووپادا نیشان دەدات.
