ئیسرائیل نەخشەی باشووری سووریا سەرلەنوێ دەکێشێتەوە

هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، کارلێکی زۆری لە ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی تەلئەبیبدا لێکەوتۆتەوە، دوای ئەوەی دەرکەوت کە ئامانجەکانی تەنها بۆ ترساندن و ناردنی پەیامی ئەمنی نییە، کات و چوارچێوەی مەیدانیی هێرشەکان، ئاماژەن بۆ هەوڵێکی سیستماتیکی ئیسرائیل بۆ قۆستنەوەی ناسەقامگیریی دۆخی ناوخۆی سووریا و سەرلەنوێ کێشانەوەی هێڵەکانی کاریگەریی هەرێمی لەسەر سنوورەکانی باکووری.

ئەم پێشهاتانە کۆمەڵێک ئامانج ئاشکرا دەکەن کە لە نێوان ئامانجی کورتخایەنی تاکتیکی و درێژخایەنی ستراتیژیدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئیسرائیل خوازیاری دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕاوە لەناو خاکی سووریادا و بەدوای هێزە ناوخۆییەکاندا دەگەڕێت کە بتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت وەک “هاوپەیمانی مەیدانی”، ئەمەش دووبارەکردنەوەی مۆدێلی نفوزی ئیسرائیلە لە باشووری لوبنان لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا.

ئیسرائیل و سووریا، هەنگاوێک بۆ پێش و یەکێک بۆ دواوە

ژەنەڕاڵ عامۆس یادلین، سەرۆکی ئێستای ڕێکخراوی “مایند ئیسرائیل” و سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سەربازی -ئامان، لە وتارێکدا کە لە کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل بڵاوکرایەوە، بە ڕوونی شەش بەرژەوەندیی سەرەکیی ئیسرائیلی لە گۆڕەپانی سووریادا دیاریکردووە:

  • ڕێگریکردن لە هەڕەشەی ئەمنیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر جۆلان.
  • ڕێگریکردن لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکان و هاویشتنی مووشەک و قاچاخچێتی چەک لە سنوورەکانەوە.
  • پووچەڵکردنەوەی جێگیربوونەوەی ئێران لە سووریا لە ڕێگەی دووبارە دامەزراندنەوەی پێگە و بریکارەکانیەوە.
  • پابەندبوونی ئەخلاقی بەرامبەر بە درووزەکان.
  • هێشتنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا بۆ پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنە ئەمنی و سیاسییەکان، چونکە بوونی حکومەتێکی ناوەندیی سەقامگیر مەرجە بۆ بەدیهێنانی ئارامی و بەڕێوەبردنی مەترسییەکان و ڕێگریکردن لە هەڕەشەکانی سەر سنوور.
  • کەمکردنەوەی نفوزی تورکیا کە بوونی سەربازیی لە باشووری سووریادا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلدا ناگونجێت.

زیاتر لە هەر کاتێکی تر، ئیسرائیلییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئەمجارە لە پێگەیەکی بەهێزترەوە دێنە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ سوورییەکان، دوای زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر پێگە سیادییەکان لە دڵی دیمەشق، بەتایبەتی بارەگای ئەرکانی گشتی،بەم شێوەیە دەتوانن مەرجەکانیان سەرلەنوێ دیاری بکەنەوە و بەرژەوەندییەکانیان لە دەوڵەتی سووریادا بەم شێوەیەی خوارەوە دەستنیشان بکەن:

  • پاراستنی ناوچەیەکی چەکداماڵراو لە باشووری سووریا.
  • ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئەو هێزانەی کە ئاسایشی ناوچە دابڕاوەکە دەپارێزن.
  • هەر کشانەوەیەکی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکی سووریا، بەستراوەتەوە بەجێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ.

ئیسرائیل و درووزەکان لە سووریا

کارمیت ڤالێنسی، سەرنووسەری کاروباری سووریا لە پەیمانگای توێژینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە زانکۆی تەلئەبیب، لە شیکردنەوەی هۆکاری گرژییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە سووریادا، ئاماژە بەوە دەکات کە گوتاری فەرمیی تەلئەبیب، دەستێوەردانی سەربازیی بە بیانووی “پاراستنی درووزەکان” لە پارێزگای سوەیدا پاساو داوە.

بەڵام وەک ڕوونیدەکاتەوە، ئەم پاساوە کۆدەنگیی لەسەر نەبووە لە ناوخۆی ئیسرائیلدا، بەڵکو مشتومڕێکی بەرفراوانی لێکەوتۆتەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمە پابەندبوونێکی ئەخلاقییە یان سەرکێشییەکی سیاسی و ئەمنییە، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی وەسفی سەرکردە ئیسرائیلییەکان بۆ درووزەکان وەک “هاوپەیمانی خوێن” و “برا”، لە چوارچێوەی گێڕانەوەیەکدا کە هەوڵدەدات چارەنووسیان بەچارەنووسی دەوڵەتەوە ببەستێتەوە.

ڤالێنسی جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەپشت ئەم دەربڕینە سۆزدارییانەوە، حساباتی قووڵتر هەن: دامەزراوەی ئیسرائیلی پێی وایە کە درووزەکان، بەوپێیەی زۆرینەی دانیشتوانی سوەیدا پێکدەهێنن، دەتوانن ببنە “بەربەستێکی مرۆیی” کە ڕێگری لە گەیشتنی هێزە “دوژمنکارەکان” بکات بۆ سنوورەکانی ئیسرائیل، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدات لە زیادەڕۆیی لەم گرەوکردنەدا و پێی وایە کە پشتیوانیی ئیسرائیل بۆ درووزەکان – کە لە مەیداندا بە هێرشی چڕ بۆ سەر دەوروبەری دیمەشق وەرگێڕدرا – ئەم هۆزە ڕووبەڕووی تۆمەتی مەترسیدار دەکاتەوە، لەوانە گێڕانی ڕۆڵی “تابووری پێنجەم” بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای تەلئەبیب، کە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر پێگەیان لەناو دیمەنی سووریادا.

لەلایەکی دیکەوە، پرۆفیسۆر ئەیال زیسر، شارەزای دیاری کاروباری سووریا و جێگری سەرۆکی زانکۆی تەلئەبیب، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم تێوەگلانە لەوانەیە ببێتە هۆی “زەلکاوێکی نوێ” هاوشێوەی ئەزموونی ئیسرائیل لە لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢.

زیسر هۆشدارییەکی ڕوون ئاراستەی بڕیاربەدەستانی ئیسرائیل دەکات: “لەوانەیە پێتان وابێت خەریکی گۆڕینی هاوکێشەکانن، بەڵام لە ڕاستیدا بەرەیەکی تۆڵەسەندنەوەی بێسوود دەکەنەوە، کە باجێکی قورسی بۆ دەدەن”.

هەروەها دەڵێت: “ڕاستە ئیسرائیل هێزێکی سەربازیی هەیە کە حسابی بۆ دەکرێت، بەڵام ئەمە توانایەکی ڕەهای پێنابەخشێت بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکانی ناوچەکە، هێز سنووری هەیە و پێویستە باجەکان پێش سەرکێشییەکان بپێورێن”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە هەڵمەتی ئەم دواییە لە سووریا، کەموکوڕیی لە دیدگای ستراتیژیدا دەرخست و پشتگوێخستنی ئەزموونە تاڵەکانی پیشاندا کە ئیسرائیل بۆ دەیان ساڵ باجی بۆ داوە.

باشووری سووریا

ئیسرائیل نیگەرانییەکانی خۆی لە ئەگەری گەڕانەوەی دەوڵەتی سووریا بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی بەهێزی سەربازی بەسەر باشووردا ناشارێتەوە، کە نزیکترین ناوچەیە لە سنوورەکانی، لەژێر ڕۆشنایی ئەم ترسەدا، تەلئەبیب پەرە بەوە دەدات کە ناوی دەنێت “دۆخی سەرلەنوێ پێکهاتنەوە” لە پێکهاتەی ڕژێمی سووریادا، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرکردەکانی پێشووی گرووپە جیهادییەکان بوونەتە بەشێک لە دەوڵەت، کە ئەمەش نیگەرانییە ئەمنییەکانی لە گەشەسەندنی ئەوەی کە بە “مەترسیی ئاوێتە” وەسفی دەکات، زیاتر دەکات.

عۆفێر گرۆزبێرد، ڕاوێژکاری پێشووی بەشی توێژینەوە لە هەواڵگریی سەربازی و نووسەری زنجیرەی “کۆدی کولتووری”، ڕوونیدەکاتەوە کە ئیسرائیل داواکارییەکی ڕوونی لەبەرچاوە: هێشتنەوەی باشووری سووریا بە چەکداماڵراوی لە چەکی قورس، بەڵام دووبارەبوونەوەی دەستێوەردانەکانی ئیسرائیل، چ لەژێر بیانووی “پاراستنی درووزەکان” یان “ڕێگریکردن لە جێگیربوونی ئێران” یان “کۆنترۆڵکردنی سنوورە ناسەقامگیرەکان”، بە بڕوای ئەو، هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر یەکپارچەیی دەوڵەتی سووریا لەخۆدەگرێت.

پێی وایە کە ئەم ڕێڕەوە شەرعیەتی ڕژێمی ناوەندی لاواز دەکات و دابەشبوونە ناوخۆییەکان قوڵتر دەکاتەوە، کە ئەمەش وادەکات دیمەشق بە ئاشکرا تەلئەبیب بە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی وڵات و قۆستنەوەی لاوازییەکەی بۆ چەسپاندنی نفوزی خۆی تۆمەتبار بکات.

بەڵام، مایکڵ هەراری، باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە قوبرس و بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوە، دیدگایەکی هاوسەنگتری هەیە و هۆشداری دەدات کە ڕێبازی ئێستا لەوانەیە هەلی دروستکردنی پەیوەندییەکی سەقامگیری داهاتوو لەگەڵ “سووریای نوێ”دا لەبارببات.

هەراری پێی وایە کە تێوەگلانی ئیسرائیل لە پێکهاتە تائیفی و دیمۆگرافییەکانی سووریادا، بەتایبەتی لە دۆسیەی درووزەکاندا، سەرکێشییەکی حیساب بۆ نەکراوە کە ڕێگری لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی فراوانتر دەکات لە ماوەی درێژخایەندا.

لە وتارەکەیدا لە ڕۆژنامەی مەعاریف، هەراری داوای گونجاندنی نێوان دوو ئامانجی سەرەکی کردووە لە سیاسەتی ئیسرائیلدا بەرامبەر بە سووریا:
یەکەم، هەوڵدان بۆ ڕێککەوتنی گشتگیر لەگەڵ ڕژێمی سووریادا – تەنانەت ئەگەر ئەمە ئێستا جێگەی گومان بێت.
دووەم، پابەندبوون بە هاوپشتی لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکانی وەک درووزەکان، بەبێ تێوەگلانی مەیدانیی زیادەڕۆیانە کە پێشتر ئیسرائیلی خستە ناو زەلکاوی گرانبەهاوە، وەک لە لوبنان ڕوویدا.

پەیامەکەی هەراری ڕوونە: پێویستە ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ سووریادا بکات وەک دەوڵەتێک کە ئاڵۆزیی ناوخۆیی تێکەڵاوی هەیە، نەک وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ سیاسەتی دزەکردن و سەرپەرشتی.

لە نێوان هەڵوەشاندنەوە و سەقامگیریدا

سەرەڕای چڕکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان و دەستێوەردانە سەربازییەکان، هێشتا هەڵوێستی ئیسرائیل لەبارەی داهاتووی دەوڵەتی سووریاوە پڕە لە دوودڵی و ناڕوونی، تەلئەبیب چاودێریی کاردانەوەی سووری و عەرەبیی کردووە بەرامبەر بە هێرشەکانی و لە سەرووی هەموویانەوە تۆمەتبارکردنی بە هەوڵدان بۆ وروژاندنی ململانێی تائیفی و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتە عەرەبییەکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی.
ژەنەڕاڵ مۆشێ ئێلعاد، ڕاوێژکاری پێشووی سەربازیی وەزیرانی بەرگری، گومانی خۆی لە سوودی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریادا دەربڕی و بەدەوڵەتێکی هەڵوەشاوەی زانی کە پێویستە زۆر بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوەیدا، مشتومڕێکی ناوخۆیی لە ئیسرائیلدا سەبارەت بە ئاستی سەقامگیریی ڕژێمی نوێی سووریا و ڕاستیی گرەوکردن لەسەری وەک هاوبەشێک لە ڕێککەوتنەکانی داهاتوودا، وروژاندووە.

ئەم کێشەیە، وەک شارەزایانی دیکە وەسفی دەکەن، پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئیسرائیل وەڵامی پرسیارێکی بنەڕەتیی نەداوەتەوە: ئایا دەوڵەتێکی سووریی یەکگرتوو و سەقامگیری پێ باشترە، یان هەڵوەشاوە و لاواز؟ توێژەر ئیتای مێدینا لە سەنتەری شاشا لە زانکۆی عیبری، ئاماژەی بەوەکرد کە دەوڵەتی سووریا، سەرەڕای پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی تەلئەبیب لەگەڵیدا، هێشتا نەیتوانیوە دەسەڵاتی تەواوی خۆی بەسەر خاکەکەیدا بسەپێنێت، کە ئەمەش گومانەکان لەسەر تواناکان و نیازەکانی دەهێڵێتەوە.
لەبەرامبەردا، نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی کاریگەر لەوانەیە ببێتە هۆی دەرکەوتنی گرووپی توندڕەوی دەرەوەی کۆنترۆڵ، کە ئەمەش ئاگاداریی فەوزایەکی ئەمنی دەدات کە لەوانەیە دزە بکاتە ناو ئیسرائیلەوە. شارەزا شای گال هۆشداریی دا لە سیناریۆی داڕمانی تەواوی دەوڵەتی سووریا و پێی وابوو کە ئەوەی لە باشوور ڕوودەدات، حاڵەتێکی دەگمەن نییە بەڵکو سەرەتای هەڵوەشاندنەوەیەکی گشتگیرە ئەگەر حکومەتی نوێ سەرکەوتوو نەبێت لە چەسپاندنی شەرعیەتی خۆی.
لەم چوارچێوەیەدا، یۆنی بن مێناحیم، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری و توێژەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داوای سیاسەتێکی هاوسەنگتری کرد کە لەسەر سێ بنەما دامەزرابێت: پاراستنی پابەندبوون بەرامبەر بە درووزەکان، دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکان و خۆبەدوورگرتن لە تێوەگلان لە ململانێیەکی کراوە لەگەڵ دیمەشق، هەروەها جەختی لە گرنگیی پاراستنی هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و پشتیوانیکردنی دەستپێشخەرییەکانی ئاشتەوایی ناوخۆیی کردەوە کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئارامبوونەوەی ناوخۆیی لە نێوان دەوڵەتی سووریا و پێکهاتەکانیدا، بەتایبەتی درووزەکان.
لەکۆتاییدا، وا دیارە ئیسرائیل لە نێوان دوو ڕێڕەوی دژبەیەکدا سەرگەردانە: پشتیوانیکردنی سەقامگیری بەهیوای هاوبەشیی داهاتوو لەگەڵ ڕژێمێکی ناوەندیدا، یان قۆستنەوەی هەڵوەشاندنەوە بۆ بەهێزکردنی نفوزی ئەمنیی سنووریی خۆی. بەڵام ئەوەی شارەزایانی لەسەری کۆکن ئەوەیە کە هەر سەرکێشییەکی حیساب بۆ نەکراو یان خزانێکی بێ بیرکردنەوە، لەوانەیە “ئاڵۆزیی لوبنانی” لە شێوەیەکی سووریی ئاڵۆزتردا دووبارە بکاتەوە.

وانەکانی ڕابردوو ڕاوی حساباتەکانی ئێستا دەکەن

سەرەڕای گرژییە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی سووریا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ەوە، ناوەندەکانی بڕیار لە تەلئەبیب نیگەرانییەکانیان لە تێوەگلان لە زەلکاوێکی درێژخایەن لە بەرەی باکووردا ناشارنەوە، کە ئەزموونی داگیرکاریی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ و ٢٠٠٠دا دەهێنێتەوە یاد. ئەم ترسە زیادبووە لەسەر ئەو باوەڕە دامەزراوە کە ئیسرائیل بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوەدا ناگەڕێت، بەڵکو پێی باشترە هاوسەنگییەک بپارێزێت کە ئێران و بریکارەکانی لە سنوورەکان دووربخاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمە پێویستی بە لێکتێگەیشتنی بێدەنگ لەگەڵ ڕژێمی سووریادا هەبێت.

دان دایکەر، سەرۆکی سەنتەری قودس بۆ کاروباری دەرەوە و ئاسایش، هۆشداریی دا کە هێرشەکانی ئەم دواییە لە دڵی دیمەشق لەوانەیە سەرکردایەتی سووریا لاواز بکات و هەر هەوڵێک بۆ کرانەوەی نێوان هەردوو لا لەبارببات.

ئاماژەی بەوەشکرد کە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل تەنها پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی سوەیداوە نییە، بەڵکو لەوەش تێدەپەڕێت و دەگاتە جووڵەی مەیدانیی گرووپە چەکدارەکانی سووریا کە بەرەو باشوور و بەرەو جۆلان پێشڕەوی دەکەن، کە ئەمەش “قەیرانێکی سنووری” دروست دەکات کە لەوانەیە ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ.

دایکەر “وانەی حەوتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣” بیردەهێنێتەوە، کاتێک حەماس بەرەی باشووری لە غەززە بە هێرشێکی کتوپڕ تەقاندەوە، پێی وایە کە تەلئەبیب دوای ئەوە بنەمایەکی نوێی گرتۆتەبەر کە خۆپارێزی لەسەرووی وەڵامدانەوە و ترساندن لەسەرووی کۆنترۆڵکردنەوە دادەنێت، کە ئەمەش پاساو بۆ هێرشە پێشوەختەکان دەهێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر دواتر لێکەوتەی دیپلۆماسیی سەختیشی لێبکەوێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، نووسەری ڕاستڕەو ئۆرلی گۆڵدکلانگ پێی وایە کە ناوچەی دابڕاو لەگەڵ سووریادا، کێشەیەکی ستراتیژی بۆ ئیسرائیل پێکدەهێنێت: لەلایەک وەک هێڵی بەرگری لەبەردەم ئێراندا وایە و لەلایەکی دیکەشەوە لەوانەیە ببێتە گۆڕەپانی داگیرکاریی هەمیشەیی وەک لە لوبنان ڕوویدا.

پێی وایە کە تەلئەبیب بەرەو بیرۆکەی دروستکردنی ناوچەی دابڕاوی قووڵ دەڕوات کە تا دەوروبەری دیمەشق درێژببێتەوە، وەک سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆ ئاماژەی پێکرد کە فەرمانی بە هێشتنەوەی جێگیربوونی سەربازی لە باشوور بەبێ بنبەستی کاتیی ڕوون کردووە.

بەڵام، لەگەڵ زیادبوونی هۆشدارییەکان لە کەوتنە ناو داوی “داگیرکاریی کراوە”، داواکارییەکان لەناو ئیسرائیلدا بۆ خۆبەدوورگرتن لە سیناریۆی باشووری لوبنان زیادیان کردووە، بەتایبەتی کە ئەزموونی حیزبوڵا ئەوەی دەرخستووە کە داگیرکردنی زەوی، ڕێگری لە گەشەسەندنی هەڕەشەیەکی ناهاوسەنگ و مەترسیدار ناکات.

ستراتیژیی کۆنترۆڵکردن بە بریکار

لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە، ڕێژەی هۆشدارییەکانی ئیسرائیل لە دووبارە جێگیربوونەوەی ئێران لە باشووری سووریادا زیادی کردووە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل “کاتز” ئاماژەی بە پێویستیی ئامادەبوون بۆ هەر سیناریۆیەکی ئەگەری لەسەر سنوورەکان کرد، دوای ڕاپۆرتەکان کە باس لە هەوڵی دزەکردنی توخمە پشتیوانیکراوەکان لەلایەن تارانەوە بەرەو جۆلان دەکەن، کە ئەمەش دیمەنی هێرشەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەهێنێتەوە یاد.

ماڵپەڕی ناتسیڤ نێت-ی سەربازی، خەمڵاندنە ئەمنییەکانی گواستۆتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم توخمانە لەوانەیە هێرش ئەنجام بدەن بە بەکارهێنانی بارهەڵگری بچووک یان ماتۆرسکیل، کە شارۆچکە و کاروان و دەورییەکانیان کردبێتە ئامانج، لەگەڵ هۆشداری لە دزەکردن لە ڕێگەی ئاسمان یان تونێلەوە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە، ئیسرائیل ستراتیژیی خۆی لەسەر چوار تەوەری سەرەکی بنیات ناوە:

  • هێرشی ئاسمانیی چڕ دژی ژێرخانی دوژمنکارانە.
  • ڕێگریکردن لە جێگیربوونی حیزبوڵا یان هێزەکانی ئێران لە نزیک سنوورەکان.
  • بەکارهێنانی ئامرازی فشاری ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ درووزە ناوخۆییەکان.
  • بەشداریکردن لە هەر ڕێککەوتنێکی ئەمنیی داهاتوو سەبارەت بە باشووری سووریا.

هەروەها سەرچاوە سەربازییەکان بۆ ماڵپەڕی وێڵا ئاشکرایان کردووە کە سوپای ئیسرائیل بەکردەوە دەستی بە “بەرگری لەناو سووریاوە” کردووە، بە دروستکردنی بەربەست و دیواری کۆنکرێتی و هێڵی دژە زرێپۆش، جگە لە چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لە گوندە سوورییەکانی سەر سنوور.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە