spot_imgspot_img

گەورەترین نیشانەی کۆلیسترۆڵ، لە چاودا دەردەکەوێت

بەرزیی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا یەکێکە لە مەترسییە بێدەنگەکان کە لەوانەیە هەڕەشە لە تەندروستیی دڵ بکات، چونکە زۆرجار هیچ نیشانەیەکی دیاری نییە، ئەگەر لە کاتی گونجاودا ئاشکرا نەکرێت و چارەسەر نەکرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ یان جەڵتەی مێشک.

بەگوێرەی شارەزایان، هەندێک توێژ زیاتر ڕووبەڕووی بەرزیی کۆلیسترۆڵ دەبنەوە، وەک پیاوان و ئەو کەسانەی تەمەنیان لە پەنجا ساڵ تێپەڕیوە.

خووە ڕۆژانەییە ناتەندروستەکان لە دیارترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵن، لەوانە خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە چەوری، زیادبوونی کێش، جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول.

لەلایەکی دیکەوە، هۆکارەکە لەوانەیە بۆماوەیی بێت، وەک لە حاڵەتی “بەرزیی کۆلیسترۆڵی بۆماوەیی خێزانی”، کە حاڵەتێکی جیناتە و وادەکات جگەر نەتوانێت بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ کۆلیسترۆڵدا بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستەکەی لە خوێندا.

ڕەنگە نیشانەی دیار لەسەر تووشبووان دەربکەوێت، وەک بوونی نیشتووی بچووکی زەرد لە نزیک گۆشەی ناوەوەی چاو کە بە “زانثیلاسما” (Xanthelasma) ناسراوە، یان دەرکەوتنی بازنەیەکی سپی کاڵ لە دەوری بیلبیلەی چاو کە پێی دەوترێت “کەوانەی قەرەنییە” (Arcus Senilis).

لە نیشانەکانی دیکە، گرێی چەورییە کە بە “گرێی زەردی ژێیەکان” (Tendon Xanthomata) ناسراوە، و لە ئەژنۆکان یان جومگەکانی پەنجەدا دەردەکەوێت.

شارەزایان جەخت لەسەر گرنگیی پشکنینی خولیی، بۆ ئاستی کۆلیسترۆڵ دەکەنەوە.

دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەریتانیا (NHS) ئامۆژگاریمان دەکات کە پشکنین ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە چل ساڵ تێپەڕیوە، کێشیان زیادە، یان مێژووی خێزانییان هەیە لەگەڵ نەخۆشییەکانی دڵ یان بەرزیی کۆلیسترۆڵ، و پێشتر پشکنینیان ئەنجام نەداوە.

بۆ پاراستنی ئاستی تەندروستی کۆلیسترۆڵ، دامەزراوەی دڵی بەریتانی   (BHF)  ئامۆژگاری بە ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی بەردەوام دەکات، و ڕوونی دەکاتەوە کە وەرزش یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش بۆ جگەر تاوەکو لەناوببرێت، مەرج نییە ڕاهێنانی قورس ئەنجام بدرێت، چالاکیی سادە وەک سەرکەوتن بە قادرمەدا، ئەنجامدانی یۆگا، یان ڕۆیشتنی خێراش دەتوانێت جیاوازییەکی گەورە دروست بکات.

هەروەها وازهێنان لە جگەرەکێشان یەکێکە لە باشترین هەنگاوەکان بۆ باشترکردنی تەندروستیی دڵ و کۆلیسترۆڵ، چونکە دامەزراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سوودە تەندروستییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا دەست دەکەن بە دەرکەوتن، و بە تێپەڕبوونی ساڵێک مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بۆ نیوە کەم دەبێتەوە.

سەبارەت بە سیستمی خۆراکی، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە لە کۆنترۆڵکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵدا، شارەزایان ئامۆژگاریمان دەکەن بە کەمکردنەوەی خواردنی خۆراکەکانی وەک پاستا، هۆت دۆگ، کەرە، قشتە، پەنیرە ڕەقەکان، کێک، پسکیت و هەموو ئەو شتانەی کە ڕۆنی گوێزی هیندی یان ڕۆنی خورمایان تێدایە.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە