چی بەسەر شەکری خوێندا دێت کاتێک قاوە دەخۆیتەوە؟

خواردنەوەی قاوە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوە یان دابەزینی ئاستی شەکری خوێن، و کاریگەری ئەم خواردنەوەیە بەپێی سروشتی مێتابۆلیزمی کەسەکان، بڕی کافاینی بەکارهاتوو، و ئەوەی کە ئایا قاوەکە لەسەر گەدەی بەتاڵ دەخورێتەوە یان لەگەڵ خواردندا، جیاوازە.

بەگوێرەی شارەزایان، کافاینی ناو قاوە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی کاتی لە شەکری خوێندا، بەتایبەتی لای ئەو کەسانەی کە بەرگری ئەنسۆلینیان هەیە یان لە قۆناغی پێش شەکرە یان نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەمدان.

وا بیردەکرێتەوە کە کافاین هۆکاری سەرەکیی پشت ئەم کاریگەرییەیە، چونکە هانی دەردانی هۆرمۆنەکانی سترێس وەک ئەدرینالین دەدات، کە لەوانەیە ڕێگری لە کاری ئەنسۆلێن بکەن.

هەروەها، کافاین دەتوانێت هانی جگەر بدات بۆ ئازادکردنی گلوکۆزی کۆگاکراو، ئەمەش وادەکات بۆ خانەکان قورستر بێت ئەم شەکرە لە خوێنەوە هەڵمژن.

کاندیس پامپەر، پسپۆڕی خۆراک لە ناوەندی پزیشکیی وێکسنەر لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە “هەڵمژینی کافاین خێراترە کاتێک لەسەر گەدەی بەتاڵ وەردەگیرێت”، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری شەکری خوێن، بەتایبەتی ئەگەر قاوەکە شەکری زیادکراو یان سپیکەرەوەی شیرین کراوی تێدابێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کاریگەرییانە زۆربەی کات کاتین.

ڕێنمایی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی قاوە لەسەر شەکری خوێن

ئەگەر نیگەرانی کاریگەریی قاوەیت لەسەر ئاستی شەکرەکەت، ئەوا ئەم چەند پێشنیارە زانستییانە لەبەرچاو بگرە:

  • قاوە لەگەڵ خواردن یان دوای خواردن بخۆرەوە: ئەمە یارمەتیدەرە بۆ هێواشکردنەوەی هەڵمژینی کافاین و سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی شەکر.
  • بژاردەی بێشەکر یان بە شێوەی سروشتی شیرین کراو هەڵبژێرە:  شیرینکەری سروشتی وەک “ستیڤیا” بەکاربهێنە.
  • کافاین کەم بکەرەوە: دەتوانیت قاوەی بێ کافاین هەڵبژێریت یان قاوەی ئاسایی لەگەڵ بێ کافاین تێکەڵ بکەیت ئەگەر هەستیاریت بە کافاین هەیە.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە