“ئیسرائیل لە غەززە هەمان شت دەکات، کە لە تۆکیۆ کردمان”

لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧/٧/٢٠٢٥ ڕایگەیاند، هیچ ڕێگەیەکی سەلامەت نییە بۆ ئیسرائیل، کە لەگەڵ حەماسدا دانوستان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، جەختی لەوەشکرد، کە ئیسرائیل لە کەرتەکەدا هەمان شت دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تۆکیۆ و بەرلین لەکۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا کردی.

گراهام، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی “میت زە پرێس”ی کەناڵی “ئێن بی سی نیوز”، ئاماژەی بەوەدا کە پێی وایە ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی “ناتوانێت بەشێوەیەک کە ئاسایشی ئیسرائیل بپارێزێت، بگاتە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ حەماس”.

وتی: “پێم وایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش گەیشتووەتە هەمان دەرئەنجام،  منیش بە دڵنیاییەوە گەیشتوومەتە دەرەنجامی ئەوەی، هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ حەماس”.

ڕوونیشیکردەوە: “ئەوان لە غەززە هەمان شت دەکەن کە ئێمە لە تۆکیۆ و بەرلین کردمان، شوێنەکە بە زۆر دەگرن و سەرلەنوێ دەست پێدەکەنەوە، داهاتوویەکی باشتر پێشکەشی فەڵەستینییەکان دەکەن”.

لیندسی گراهام، کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا کۆنترۆڵکردنی غەززە بەو مانایەیە کە بارمتەکان بە زیندوویی ناگەڕێنەوە، وتی: “هیوادارم وا نەبێت”.

وتیشی: “پێم وایە لەناو حەماسدا کەسانێک هەن کە ڕەنگە ڕێڕەوی سەلامەت قبوڵ بکەن ئەگەر بارمتەکان ئازاد بکەن، ئەگەر من لە جێی ئیسرائیل بوومایە، ئەم پێشنیارەم پێشکەشی چەکدارانی حەماس دەکرد: دەتوانن بە سەلامەتی بڕۆن، ئێمە بارمتەکانمان دەوێت”.

ترەمپ، ڕۆژی یەکشەممە، ڕایگەیاند کە نازانێت لە غەززە چی ڕوودەدات، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل دەبێت بڕیاری خۆی بدات.

ڕوونیشکردەوە کە حەماس “لەناکاو هەڵوێستێکی توندی بەرانبەر بە پرسی بارمتەکان نیشان داوە”، و جەختی کردەوە “نایانەوێت بیانگەڕێننەوە، بۆیە دەبێت ئیسرائیل بڕیارێک بدات”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە