بڕیارە شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و پشکنین بۆ چەند کێڵگەیەکی بەرھەمھێنانی نەوت بکەن.
شاندەکە ھەفتەی ڕابردووش سەردانی ئەو کێڵگە نەوتییانەیان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو کە لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بە دڕۆنی بۆمبڕێژکراو بۆردوومان کرابوون.
بە ھۆی بۆردوومانەکانەوە ھەندێک لە کێڵگەکان بەرھەمھێنانی نەوتیان تێدا ڕاگیرابوو و یان بە تەواوی کەمی کردبوو و مەبەست لە هاتنی شاندەکەش ئامادەکردنی راپۆرتێک لەم بارەیەوە بوو.
بەپێی زانیارییەکان ئەو شاندە سەردانی ئەو کێڵگانە دەکەن کە کێڵگەی بچووکن و بەرھەمی ڕۆژانەیان نزیکەی پێنج ھەزار بەرمیل دەبێت و، یەکێک لەوانە کێڵگەی نەوتی شیواشۆکە لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای ھەولێر و ڕاپۆڕت لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم کێڵگانە ئامادە دەکەن.
کێڵگەی نەوتی شیواشۆک ٣٠ بیر لەخۆ دەگرێت و، لە ڕێگای بۆڕییەوە بە درێژایی ٧٨ کیلۆمەتر بەسراوەتەوە بە کێڵگەی خورمەڵە، لەوێشەوە لە ڕێگای بۆڕییەوە نەوت بۆ بەندەری جەیھان ھەناردە دەکرێت.
هاتنی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق دوای ئەوە دێت کە لە ١٥ی حوزەیرانەوە تا ئێستا، ٣٧ دڕۆن ئاراستەی ناوچە جیاوازەکان لە ھەر سێ پارێزگای ھەولێر، دھۆک و سلێمانی کراون، بەجۆرێک ٢٠ دڕۆن ئاراستەی ھەولێر، ١٠ دڕۆن ئاراستەی دھۆک و ٧ دڕۆنیش ئاراستەی سلێمانی کراون و بەشێکی زۆریان کێڵگە نەوتییەکانییان بە ئامانج گرتووە و بەھۆیەوە بەرھەمھێنانی نەوت لە چەند کێڵگەیەک ڕاگیراون.
