دوابەدوای بڵاوكردنەوەی نووسراوێك لەلایەن حكومەتی سووریاوە بەناوی هۆزەكانی ڕەقە و دێرەزوور، كە تیایدا داوای دەركردنی هێزەكانی هەسەدە و چەك هەڵگرتن دژی هەسەدە كراوە، ئەو هۆزانەی ڕەقە و دێرەزوور ئەو نووسراوە ڕەت دەكەنەوە و بە ساختە ناوی دەبەن.
لە نووسراوەکەدا ناوی 113 هۆزی عەرەبی سووریا هاتووە و هۆشداری دراوە، کە ئەگەر لەو ماوەیەی بۆ “چەکدانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات” دانراوە، هەسەدە داواکارییەکە جێبەجێ نەکات، ئەوانیش هەڵوێستیان دەبێ.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، دوای ئاگاداربوون لە بڕیاری حکومەتی سووریا لەبارەی رادەستکردنی چەک و خاکی ژێر دەسەڵاتی لە سێ پارێزگاکەی حەسەکە، رەقە و دێرەزوور لە لایەن هەسەدەوە، هەڵوێستی “یەکلاییکەرەوەیان بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان، بە جەختکردنەوە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا دەبێ”.
لای خۆشیەوە، یەکێک لە سەرۆک هۆزەکان ڕایگەیاند، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو نووسراوە ساختەیە بریتیە لە هاندان و دروستکردنی پشێوی و ئێمە ئاگاداری ئەو جۆرە نووسراوانە نین.
لای خۆشیانەوە، هۆزەكانی ڕەقە و دێرەزوور لە بەیاننامەیەكدا ئەو نووسراوەیان ڕەتكردەوە و بە “ساختە” ناوی دەبەن و ڕایدەگەیەنن، ڕۆڵەكانی ئێمە لەناو هەسەدە خزمەت دەكەن و پێكەوە تیرۆرمان لەناوبردووە.
ڕاشیانگەیاندووە، ئەو ڕاگەیەنراوەی بەناوی ئێمەوە بڵاوكراوەتەوە ساختەیە و عیچ پەیوەندییەكمان بەو نووسراو و ڕاگەیەنراوەوە نییە و ئامانج لێی نانەوەی پشێوی و ئاژاوەیە.
دەشڵێن: ڕەتی دەكەینەوە داوای چەك هەڵگرتنمان دژی هەسەدە كردبێت، بۆیە هەوڵەكان بۆ نانەوەی ئاژاوە ڕەتدەكەینەوە و ئەو نووسراوانە هەوڵدانە بۆ تێكدانی كۆمەڵگە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ماوەی ڕابردووشدا لەڕێگەی هاندانی هۆزەكانەوە دژی دروزەكان شەڕ و كوشتار لە سوەیدا دروست بوو، كە دواتریش بەپێی چەندین بەڵگەی ڤیدیۆیی دەركەوت، كە بەشێكی زۆری ئەو هێزانەی هێرشیان كردە سەر سوەیدا سەر بە چەكدارەكانی ئەحمەد شەرع-ی سەرۆكی ڕاگوزەری سووریا بوون و ئەوەش وای لە ئیسڕائیل كرد چەندین بارەگای حكومەتی سووریا بۆردومان بكات بە وەزارەتی بەرگری و كۆشكی كۆماری ئەحمەد شەرع-یشەوە.
دەقی ئەو نووسراوە ساختەیەی بەناوی هۆزەكانەوە دژی هەسەدە بڵاوكرابووەوە:

