دوابەدوای خەرج كردنی پارەی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێم، دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێم دەستی پێكرد و هەر فەرمانبەرێكیش بەڕێژەی 1%ی مووچەی بنەڕەتییەكەی پارەی لێبڕاوە و وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت: لەسەر داوا وەزارەتی پلاندانانی عێراق بووە بۆ دروست كردنی ژمارەی وەزیفی لەلایەن دارایی عێراقەوە.
د. ڕەعد ڕەفعە، یەكێك لە سكاڵاكارانی بەردەم دادگای فیدڕاڵی لە دۆسیەی مووچە و تەوتین بڵاویکردۆتەوە، “یەكەم هەنگاوی پڕۆسەی تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بە بڕینی (1%) لە مووچەی بنەڕەتیی هەر مووچەخۆرێك و تەنها بۆیەك مانگ، دەستیپیكرد “.
ئاشكراشی كردووە، پڕۆسەكە لەسەر داوكاریی وەزارەتی پلاندانانی عێراقە و بۆ مەبەستی دروستكردنی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران، كە پێی دەوترێت (ئای بان) لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە .
لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا سەبارەت بەو لێبڕینە ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەمەبەستی تۆمارکردن و دروست کردنی ژمارەی وەزیفی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵەوە بڕدراوە.
دەشڵێت: تەنها فەرمانبەرانی هەمیشەیی و ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەگرێتەوە، کە مووچەکانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج دەکرێت و هیچ پەیوەندی بە “هەژماری من”ەوە نییە.
دەقی ڕوونكردنەوەی دارایی هەرێم:
لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من، چەند پرسیارێک لای فەرمانبەران دروست بووە و لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بڕەپارەیەکیان بەراورد بەمانگەکانی پێشوو لێبڕاوە.
١- سەبارەت بەو لێبڕینە کە بڕەکەی تەنها لە ( ١٪ )ی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەرانە و لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەمەبەستی تۆمارکردن و دروست کردنی ژمارەی وەزیفی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بڕدراوە.
٢- ئەو لێبڕینی ( ١ ٪ )ە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بووە، تەنها فەرمانبەرانی هەمیشەیی و ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەگرێتەوە کە مووچەکانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج دەکرێت، بەهیچ جۆرێک خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە.
٣- ئەو لێبڕینە تەنها بۆ یەک جارە و لەسەر مووچەی مانگی ئایار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە جێبەجێ کراوە.
سەرجەم فەرمانبەران دڵنیا دەکەینەوە ئەو بابەتە هیچ پەیوەندی بە پڕۆژەی هەژماری منەوە نییە.
هاوپێچ ؛ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە ( ٢٤٩٧٢ ) لە( ٢٠٢٤/١٢/١٨ ) تایبەت بەتۆماری بایۆمەتری.
نووسراوی ژمارە ( ٥١١٨٧ ) لە ( ٢٠٢٤/١٢/١١ ) ی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد تایبەت بەناردنی ژمارەی وەزیفی و ناونیشانی بایۆمەتری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٥ ی تەمووزی ٢٠٢٥
