spot_imgspot_img

کەمئاوی و بەبیابانبوون لە عێراق، زەنگی مەترسی لێدەدەن

 

ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو، دەڵێت؛ عێراق بەدەست کەمئاوییەکی ترسناک دەناڵێنێت بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەیەوە، کە وایلێکردووە کاریگەری لەسەر بێت و ببێتە ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ هاوردەی ئاوی هەرێمی.

تورهان موفتی،  ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو، ڕاگەیاند؛ “ناوچەکە بە گشتی بە قۆناغێکی کەمئاوییەکی ئاشکرادا تێدەپەڕێت، بەڵام عێراق بەشێوەیەکی دوو هێندە کاریگەریی لەسەرە، چونکە لەلایەک بەشێکە لەم سیستەمە کاریگەری لەسەرەی کە هەیە و لە لایەکی دیکەوە هاوردە ئاوییەکان بەناویدا تێدەپەڕن، ئەمەش وا دەکات کاریگەریی کەمئاوییەکە بە شێوەیەکی توندتر دەربکەوێت.”

 بەکارهێنانی ژیرانە  یارمەتیدەر دەبێت لە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە

هەروەها وتی، “ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی ناتوانێت تەنها لەسەر دەوڵەت بوەستێت، بەڵکو پێویستی بە هاوکارییەکی نزیکە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاو و بەکارهێنەرە سەرەکییەکاندا، بەتایبەتی چینی جوتیاران، ئاماژەی بەوەشکرد کە “هاوکاریکردن لەگەڵ ئاڕاستەی دەوڵەت بەرەو بەکارهێنانی تەکنیکی ئاودێری مۆدێرن، و هۆشیاری هاووڵاتی بە گرنگی بەکارهێنانی ژیرانە و زیادەڕەوی نەکردن، یارمەتیدەر دەبن لە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە.”

موفتی باسی لە قەیرانی بەبیابانبوون کرد و وتی، “عێراق ساڵانێکە ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە بووەتەوە، لە ئەنجامی گۆڕانکارییە ژینگەیی و بایۆلۆژییە کەڵەکەبووەکان،” ڕوونیشکردەوە کە “هێڵی بەبیابانبوون لە شنگالەوە تا بەسرە درێژ دەبێتەوە، کە هێڵێکی زۆر درێژە و پێویستی بە توانای ئاوی گەورە و کاتێکی زۆر هەیە، تا ژینگە دۆخی ئاسایی خۆی وەربگرێتەوە.”

لە بەیاننامەیەکی پێشوودا، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق جەختی کردەوە کە کەمیی بەردانەوەی ئاو لەوڵاتانی سەرچاوە و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، بووەتە هۆی دابەزینێکی گەورەی یەدەگی ئاو، ئاماژە بەوەشکراوە؛ کە ئێستا یەکێکە لە وشکترین ساڵەکان لەوەتەی ساڵی ١٩٣٣ەوە.

قەیرانی وشکەساڵی لە عێراقدا بە شێوەیەکی بێوێنە توند دەبێتەوە، بەهۆی کەمیی بارانبارین لەساڵانی ڕابردوودا لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، و هۆکاری دووەم دەگەڕێتەوە بۆ پاشەکشەی ئاستی ئاوی دجلە و فورات، بەهۆی سیاسەتە ئاوییەکانی ئێران و تورکیاوە، دیارترینیان دروستکردنی بەنداو لەسەر سەرچاوەکان و گۆڕینی ڕێڕەوەکانیان، کە هەڕەشەی ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لە عێراق دەکات.

گوندنشینەکانیش ڕووبەڕووی گۆڕانکاری دیمۆگرافی و جوڵەی ئاوارەبوون دەبنەوە لەژێر کاریگەریی وشکەساڵیدا کە لە سەرانسەری عێراق و بەتایبەتی لە پارێزگا باشوورییەکاندا توندتر دەبێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی سامانی ئاژەڵ و ماسی، و دابەزینی کوالێتی خاک، و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی خۆراک و هاوسەنگی ژینگەیی لە گوندەکاندا داناوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە