سووریا و فەرەنسا و ئەمریکا، سەبارەت بە سوەیدا و هەسەدە و هەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێ بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە
ڕۆژی هەینی، هەریەکە لەسووریا، فەرەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێککەوتن لەسەر پێویستیی هاریکاریی نزیک بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و پشتیوانیکردنی ڕێڕەوی گواستنەوەی سیاسی لەسووریا و ئەوەی کە وڵاتانی دراوسێ هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیریی سووریا دروست نەکەن، لە بەرامبەردا سووریاش پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بەوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دراوسێکانی دروست نەکات.
ئەمە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هات، کە لەلایەن هەرسێ لایەنەکەوە دەرچوو، لەدوای گفتوگۆکانی پاریس کە ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوە و هاوتا فەرەنسییەکەی، ژان نۆئێل بارۆ، و تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، ئامادەیبوون.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ کۆبوونەوەکە “لە ساتەوەختێکی چارەنووسسازدا کە کۆماری عەرەبی سووریا پێیدا تێدەپەڕێت” و لە کەشوهەوایەکدا بەڕێوەچوو، کە “دیالۆگ و پەرۆشییەکی زۆر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان” زاڵ بوو بەسەریدا. لایەنەکان هاوڕابوون لەسەر “پێویستیی بەشداریکردنی خێرا لە هەوڵە بنەڕەتییەکان بۆ سەرخستنی ڕێڕەوی گواستنەوە لە سووریا، بە شێوەیەک، کە یەکپارچەیی و سەقامگیری و سەروەریی وڵاتەکە بەسەر تەواوی خاکەکەیدا مسۆگەر بکات.”
هەرسێ وڵات پابەندبوونی خۆیان بە “هاریکاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە، و پشتیوانیکردنی تواناکانی دەوڵەتی سووریا و دامەزراوەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان” ڕاگەیاند.
بەیاننامەکە جەختی لە “پشتیوانیکردنی حکومەتی سووریا لە ڕێڕەوی گواستنەوەی سیاسی دەکات، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی و بەهێزکردنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و پارێزگای سوەیدا” کردەوە.
کۆبووەکان ڕێککەوتن لەسەر “ئەنجامدانی گەڕێکی گفتوگۆ لە نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پاریس لە نزیکترین کاتدا، بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار.”
بەیاننامەکە پێشوازی لە “پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی کردەوە توندوتیژییەکان کرد، لەم چوارچێوەیەدا پێشوازی لەدەرئەنجامی ڕاپۆرتەکان کرد؛ لەنێویاندا دوایین ڕاپۆرتی لیژنەی نیشتمانیی سەربەخۆ کە ئەرکی ئاشکراکردن و لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریای پێسپێردرابوو.”
لایەنەکان جەختیان لەسەر “دروستنەکردنی هیچ هەڕەشەیەک لەلایەن وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر سەقامگیریی سووریا کردەوە، و لە بەرامبەردا پابەندبوونی سووریا بەوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دراوسێکانی دروست نەکات، بۆ پاراستنی سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە” دووپاتکردەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ قەیرانی درێژخایەنی سووریا.
