وەزارەتی گەیاندنی عێراق رۆژی هەینی ٢٥/٧/٢٠٢٥، دەنگۆی بڕینی ڕۆژانەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی لە نیوەشەو تا کاتژمێر شەشی بەیانی ڕەتکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە “ئەو دەنگۆیانەی لەڕێگەی پلاتفۆرمە میدیاییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەبارەت بە بڕینی ڕۆژانەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە کاتژمێر دوانزەی شەو تا شەشی بەیانی بڵاودەکرێنەوە، هەواڵی ناڕاستن و هیچ بنەمایەکیان نییە”.
وەزارەتەکە داوا لەهاووڵاتیان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە ورد و بەرپرسیارانە بن لەگواستنەوەی زانیاری و بۆ وەرگرتنی زانیاری دروست پشت بە سەرچاوە فەرمییەکانی وەزارەت ببەستن، بۆ پاراستنی متمانە و دوورکەوتنەوە لە زانیاری چەواشەکارانە.
