وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هۆشداری بە مووچەخۆران دەدات و دەڵێت” لەبەر سەلامەتیی گشتی و دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بە ڕۆژ موچن بۆ ڕاکێشانی مووچەکانتان”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی تەمموزی2025، دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئاگادارییەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسیی سەر بە وەزارەتەكەیانی بڵاو كردووەتەوە، و تێیدا هۆشداری بە مووچەخۆران دەدات کەلەکاتی ڕۆژدا سەردانی ئامێرەکانی ڕاكێشانی پارە نەکەن.
دیلان ڕەشاد دەڵێت “ئەم دوو سێ ڕۆژە پلەی گەرما زۆر بەرز دەبێتەوە، باشترە مووچەخۆران لە کاتەکانی ئێواران و شەواندا ئامێرەکانی ڕاكێشانی پارە (ATM) بەکار بهێنن بۆ ڕاکێشانی مووچەكانیان، لەبەر سەلامەتیی گشتی و دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر لە ڕۆژدا.”
ئەمڕۆ پارەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە گەیشتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەر ئەمرۆش لیستی مووچە ڕاگەیەندرا و سبەینێ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، هاوکات هەژماری من بڵاویکردەوە ئەمڕۆ مووچەی مانگی ئایار خراوەتە سەر هەژماری بانکی کۆمەڵێک لە خانەنشینان و فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی و خوێندنی باڵا.
