پەیمانی لۆزان (بە فەرەنسی Traité de Lausanne) پەیماننامەیەکی ئاشتییە کە لە کاتی کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵانی ١٩٢٢–١٩٢٣ دانوستان لەسەر کراوە و لە کۆشکی ڕوومین لە شاری لۆزان لە سویسرا لە ٢٤ی تەممووزی ١٩٢٣دا واژوو کرا.
ئەم پەیماننامەیە بە فەرمی ئەو ململانێیەی یەکلایی کردەوە کە لە سەرەتادا لەنێوان عوسمانی و کۆماری فەڕەنسی و هاوپەیمانان و بەریتانیا و شانشینی و ئیمپراتۆریەتیی ژاپۆن وشانشینی یۆنان و شانشینی یۆگسلافیا و شانشینی ڕۆمانیا لە سەرەتای جەنگی جیهانییەوە ھەبووە.
لێرەوە ئەو چوار دەوڵەتە بە پشتیوانى دەوڵەتانی بەشدار لە پەیماننامەکە کەوتنە چەوساندنەوە و قڕکردنی گەلی کورد، تا لەو ڕێگەیەوە وەک دەیان نەتەوەی تری جیهان، کە ناویان تەنیا وەک گەلێکی دێرین لە پەرتووکەکانی مێژوودا ماوەتەوە بسڕنەوە، بەڵام بە خۆڕاگریی کورد نەتوانرا ئەوکارە بکرێت.
هۆکاری ئەم ڕێککەوتنە دەرئەنجامی دوو مادەی ڕێککەوتنى سایکس بیکۆ بوو، ئەویش هەردوو مادەى (٦٣،٦٢) بوون، ئەو دوو مادەیە ماف و دەستکەوتى بۆ گەلی کورد تێدا بوو، بەجۆرێک کوردی دەکردە خاوەن بەڕێوەبردن و ئیدارەی خۆی.
لە مادەى ٦٢ـی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، ئاماژەى بە نەخشەیەك کردووە بۆ خۆ بەڕێوەبەری هەرێمی لە تورکیا و ناوی ئەو هەرێمانە پێشكەش بە وڵاتان بکات كە زۆربەی دانیشتووانەكانی كوردن، لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات و خوارووی ئەرمەنستان سنووریان بۆ دەست نیشان بكرێت.
لە مادەى ٦٣ـی سایکس بیکۆدا باس لەوە کراوە، ساڵێك لە پاش ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامەیە ئەگەر كوردەكانی دانیشتووی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان جیانەبنەوە لە توركیا دەبێت ئەنجوومەنی كۆمەڵی نەتەوەكان ڕابگەیەنن، ئەگەر ئەنجوومەنیش دانی بەوەدانا كە ئەوان دەتوانن سەربەخۆ بژین ئەوا حكومەتی توركیا دەبێت ڕازی بێت و دەستبەرداری ئەو ناوچانە بێت و دەبێت توركیا دەست لەمافی ئەو ناوچانە هەڵبگرێت.
هەر لەو مادەیەدا هاتووە كوردەكانی ویلایەتی موسڵ ئەگەر خوازیاری جیابوونەوەن بەویستی خۆیان ئەوا هاوپەیمانان هیچ ڕێگرییەك ناكەن بچنە پاڵ حكومەتە كوردییەكەوە.
ئەم دوو خاڵە وایکرد دەوڵەتى تورکیا لەوکاتەدا هەموو هەوڵێک بدات بۆ شکستهێنان بەو ڕێککەوتنە، بۆیە دوای گەڕانەوەى نوێنەری دەوڵەتى تورکیا لە کۆبوونەوەى وڵاتانی بەرەی ناوەند، دەوڵەتى تورکیا کەوتە هەوڵێکی دیپلۆماسی فراوان تا سەرئەنجام کۆنگرەى لۆزان بەسترا و تێیدا پەیماننامەى لۆزان واژۆ کرا و کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتى (تورکیا، ئێران، عێراق، سووریا) دابەشکرا.
لە ماوەى ئەو ١٠٢ ساڵەدا کە کورد و خاکەکەی پارچە پارچە کرا، گەلی کورد ڕووبەڕووی چەندین جینۆساید و لەناوبردن و ئاوارە و دەربەدەری بووەتەوە، گەلی کورد بەرامبەر هەوڵەکانى قڕکردنی ئەو چوار دەوڵەتە وەستایەوە و تا ئێستا تێکۆشان بۆ ئازادیی دەکات و بۆ ساتێکیش نەسرەوتووە.
ئەو چوار دەوڵەتە بە درێژایی ئەم ١٠٢ ساڵە چەندین کۆمەڵکوژییان بەسەر گەلی کورددا هێناوە و تائێستاش لە هەوڵی لەناوبردن و تواندنەوەى کوردن، بەڵام بەرخۆدانى گەلی کورد و لە ٤٧ ساڵی ڕابردووشدا بەرخۆدانى گەریلا و شەڕڤان و پێشمەرگە ڕێگەیان گرتووە لە توانەوە و لەناوچوونى گەلی کورد.
بەردەوام ئەو چوار دەوڵەتە سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانیان لەسەر ناوبردنى کوردان یەکدەنگ و یەکڕیزن، بەڵام لەگەڵ هەموو هەوڵێکی قڕکردنیش هێشتا کورد بە پێوەیە و خۆی ڕادەست نەکردووە.
بە درێژایی ئەو ١٠٢ ساڵە گەورەترین کێشە و مەترسی لەسەر گەلی کورد، نەبوونى یەکڕیزیی و یەکنەگرتوویی گەلی کورد بووە و زۆرجار دەستى خیانەتى ناوخۆیی بارودۆخی گەلی کوردستانی قورستر کردووە، بەجۆرێک تا ئەوەى کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی بووەتەوە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى واژۆکردنى ڕێککەوتنى لۆزان کورد خۆی بوو کە دوو کەسایەتى کورد لە کۆنگرەى لۆزان وەک دوو خیانەتکار بوونە هۆی ئەوەى ڕێککەوتنەکە هیچ مافێکی بۆ گەلی کورد تێدا جێگیر نەبێت.
