spot_imgspot_img

برسێتی، غەززەی وێرانترکردووە

بەهۆی بەردەوامی گەمارۆکان و کەمبوونەوەی خۆراک و دەرمان و بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە، تا دێت ڕەوشی مرۆیی لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی بێوێنە خراپتر دەبێت، کەرتی تەندروستی تەواو داڕماوە و برسێتیش بە قۆناغە مەترسیدارەکان گەیشتووە.

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣-٧-٢٠٢٥، ڕایگەیاند؛ لەماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا ١٠ حاڵەتی نوێی گیانلەدەستدان بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی بەم هۆکارە گیانیان لەدەستداوە لە سەرەتای قەیرانەکەوە گەیشتووەتە ١١١ حاڵەت.

داڕمانی توانا پزیشکییەکان

کارەساتەکە تەنها نەخۆشەکان ناگرێتەوە، بەڵکو خودی کارمەندانی پزیشکیش بەدەست برسێتی و بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.

دکتۆر محەمەد ئەبو سەلمیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا، بە ڕۆژنامەی “گاردیان”ی ڕاگەیاندووە؛ هەندێک لە پزیشکەکان لەناو ژووری نەشتەرگەریدا بەهۆی ماندوێتییەکی زۆر و نەبوونی خۆراکەوە لەهۆش خۆیان چوون.

ئەبو سەلمیە وتیشی: “خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان کاریگەر دەبن چونکە کارمەندەکانمان ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر لە بەرامبەر ئەم برسێتییەدا خۆڕاگر بن.”

پزیشکان لە نەخۆشخانەکانی کەرتەکە بە ڕۆژنامەی “گاردیان” و تۆڕی “ئەریج”یان وتووە؛ لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا هیچ ژەمە خۆراکێکیان پێنەگەیشتووە، و هەندێکیان ناچاربوون بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێری بەردەوام بەبێ خواردن کار بکەن، لە کاتێکدا خێزانەکانیان بەدەست نەبوونی تەواوەتی خۆراکەوە دەناڵێنن.

پزیشکێکی گشتی لە نەخۆشخانەی شیفا دەڵێت: “لە دوێنێوە هیچم نەخواردووە، و خێزانەکەشم هیچی نییە بیخوات، هیچ خواردنێک لە بازاڕەکاندا نییە، چیتر ناتوانین لەسەر پێیەکانمان بووەستین.”

گیانلەدەستدانی منداڵان لە زیادبووندایە

لە پێشهاتێکی تراژیدیدا، دکتۆر ئەبو سەلمیە ئاشکرایکرد کە تەنها لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا ٢١ منداڵ بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک منداڵ “لەناو خێمە و ماڵەکانیاندا دەمرن بەبێ ئەوەی بگەنە نەخۆشخانە یان کەس پێیان بزانێت.”

بەپێی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستینی (ئۆنرا)، حاڵەتەکانی بەدخۆراکی لەنێو منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ لەنێوان مانگەکانی ئازار و حوزەیرانی ڕابردوودا دوو هێندە بووە، لە ئەنجامی گەمارۆی بەردەوامی ئیسرائیل.

ئۆنرا ڕوونیکردەوە کە نزیکەی ٧٤ هەزار پشکنینی بۆ منداڵان لە ناوەندە تەندروستییەکانیدا ئەنجامداوە، نزیکەی ٧٠٠٠حاڵەتی بەدخۆراکیی گشتگیری دەستنیشان کردووە.

داڕمانی سیستەمی تەندروستی

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ڕاپۆرتێکی پێشوودا ڕایگەیاندبوو؛ لانیکەم ٩٤٪ی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە بەهۆی جەنگی بەردەوامەوە زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون، و لە کۆی ٣٦ نەخۆشخانە تەنها ١٩ نەخۆشخانە کار دەکەن.

لەم چوارچێوەیەدا، دکتۆر موعاز ئەلسیر، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی “چاودێری کارمەندانی تەندروستی”، بە گاردیانی ڕاگەیاندووە، کارمەندانی کەرتی پزیشکی ڕووبەڕووی ئاستێکی بێوێنە لە نەبوونی ئاسایشی خۆراک، دابەزینی توانای بەرگری، و لەهۆشچوونی دووبارە لە کاتی نەشتەرگەریدا بوونەتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە دۆخەکە سنوورەکانی ئیدانەکردنی تێپەڕاندووە و پێویستی بە “جووڵەی بەپەلە” هەیە.

هەندێک لە کارمەندانی تەندروستی باسیان لە ململانێیەکی تاڵ کرد لە نێوان جێبەجێکردنی ئەرکی پزیشکی و چوونە دەرەوە بۆ دۆزینەوەی خواردن بۆ خێزانەکانیان. هەندێکی تر وتیان کە دەترسن بچنە ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک کە لەلایەن هێزەکانی سوپای ئیسرائیلەوە سەرپەرشتی دەکرێن، لە ترسی ئەوەی بکرێنە ئامانج، دوای ئەوەی زیاتر لە هەزار کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکان گیانیان لەدەستدا، بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

پەیامێک لەهەناوی برسێتییەوە

لەکاتێکدا کە ململانێکە دەچێتە دەیەمین مانگی خۆیەوە، پزیشکان و پەرستاران لە غەززە دەڵێن؛ برسێتی بووەتە نەیارێکی ڕاستەوخۆی چاودێری تەندروستی. نەخۆشخانەکان کە پێشتر پڕ بوون لە بریندار، ئێستا پڕن لە برسییەکان کە شتێکیان دەستناکەوێت سکی خۆیانی پێ تێر بکەن، پزیشکەکان بوونەتە نەخۆش، و نەخۆشەکانیش بەبێ ئاگاداری لەناو دەچن.

لەم دیمەنە تاریکەدا، دەنگەکان بۆ داواکردنی دەستێوەردانی نێودەوڵەتی بەپەلە بەرز دەبنەوە، نەک تەنها بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەڵکو بۆ دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی فریاگوزارییە سەرەکییەکان و ڕێگریکردن لە قڕانێکی گشتگیر کە هەڕەشە لە ژیانی سەدان هەزار کەس دەکات لە کەرتە گەمارۆ دراوەکەدا.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە