سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ كونسوڵی ئێران لە هەولێر و سەركونسوڵی ئەو وڵاتە لە سلێمانی كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێداگرین لەسەر ئەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان دابین بکرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و محەمەد مەحموودیان، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی کرد و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی و هاریکاریی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەت ڕەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاری هاوبەش.
ڕێککەوتنی نوێ لەبارەی مووچەوە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، بافڵ تاڵەبانی داوای لە هەرێمی کوردستان و بەغدا کرد پابەندبن.
وتیشی، “هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن و پێداگرین لەسەر ئەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان دابین بکرێت”.

