بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی یەکپۆشی خوێندكاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە گفتوگۆی لەسەر کراوە و چاوەڕێی ئەم بارودۆخەی ئێستا دەکەین، ئەگەر بارودۆخەکە چارەسەر بێت، ئەوکات بڕیاری لێ دەدرێت، چونکە پێمان باشە لە ناوەندەکانی خوێندن یەکپۆشیی جلوبەرگی خوێندكاران جێبەجێ بکرێت.
د. سەیوان عەلی فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی یەکپۆشیی جلوبەرگی خوێندكاران لە خوێندنگە حکوومییەکان کراوە، ئەوەی گرفتە بەھۆی ئەم بارودۆخەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ھەیە کە قەیرانی داراییە، ئەمە وا دەکات جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە زەحمەت بێت، ئەگەرنا ئێمە پلانیشمان بۆ دانابوو بۆ ئەوەی یەکپۆشی بۆ ساڵی نوێی خوێندن جێبەجێ بکرێت.
وتیشی، “ئێمە پێمان باشە ھەموو خوێندكاران یەک جۆر جلوبەرگیان ھەبێت و رێکوپێک بێت و شێوەیەکی جوان نیشان بدرێت، بەڵام بارودۆخی خەڵکی خۆمان لەبەرچاو دەگرین”.
د. سەیوان ڕاشیگەیاند، لە وەزارەتی پەروەردەی ئەو بیرۆکەیەمان گەڵاڵە کردووە و باسیشمان لێ کردووە، بەڵام چاوەڕێ دەکەین ئەگەر لەم چەند مانگەی ماوە دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و ئەو قەیرانەی ھەیە چارەسەر بکرێت، ئەوکات بڕیارێکی لێ بدرێت و یەکپۆشی لە ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێ بکرێت، بۆیە چاوەڕێی دۆخەکە دەکەین.
