بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی هۆکاری نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت” پارەی كاش لەبەردەست وەزارەتی دارایی عیراق نییە”.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە سایتی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندوووە، هۆکاری نە ناردنی مووچەی مانگی ئایار لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بۆ هەرێم، بەهۆی نەبوونی پارەی كاشەوە بووە لە وەزارەتی دارایی، هاوکات هەوڵەكان بۆ بەدەستخستنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن دارایی عیراقەوە بەردەوامن.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی نایانەوێت دەست بۆ ئەو بڕە پارەیە ببەن کە بۆ مووچەی مانگی حەوت لە عێراق دابینکراوە، ئەوەش بەهۆی مەترسی نەبوونی سیولە بۆ دابەشکردنی مووچەی خۆیان، بۆیە بەناچاری ناردنی مووچەی بۆ هەرێمی كوردستان بە هۆكاری جیاواز راگرتووە.
جەختیشیکردەوە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە بانکی ناوەندی کردووە پارەی نەختینەیی بۆ دابین بکات، بۆ دابەشکردنی مووچەی هەرێم، پاشانیش بەردەوامبێت لە دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی”.
نزیكەی 85 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عیراق مووچەی مانگی ئایار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام نەبوونی پارەی كاش لەبەردەست وەزارەتی دارایی عیراق ناردنی مووچەی زیاتر دواخست.
