سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەخت لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان محەمەد شیاع سوودانی و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکردەوە کە دوێنێ شەو ئەنجامدرا.
سوودانی ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییە کرد بۆ سەر دامەزراوە گرنگ و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەدین و بە بە ئامانجگرتنی ئابووریی نیشتمانیی عێراق وەسفی کرد.
جەختیشی لەوە کردەوە کە دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی هێرشەکان دەکەن.
سوودانی سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لەوەی هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان وەزارەتی نەوت و ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی کە لە هەرێم کاردەکەن بۆ وەبەرهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی کەرکووک و سەڵاحەدین.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی بە خەزێنەی گشتی، هاوکار بووە بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە دارایی و یاساییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم.
جەختیشی لە پابەندبوونی نیشتیمانی و دەستووری حکومەت بەرامبەر بە هەموو هاووڵاتیانی عێراق کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا بۆ بەندەری جەیهان و ڕاگرتنی هەموو جۆرەکانی بە قاچاخبردنی نەوت دووپات کردەوە.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا محەمەد شیاع سوودانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای ڕاگەیاندووە حەشدی شەحبی دامەزراوەیەکی سەربازی فەرمییە و لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراقدا کاردەکەن.
