spot_imgspot_img

برسێتی، هەڕەشە دەکات

 

زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراو هۆشداری دەدەن لە “برسێتی کارەساتبار” لە غەززە و واشنتۆنیش بیر لە دامەزراندنی ڕێڕەوێکی مرۆیی دەکاتەوە.

 

زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراوی ناحکومی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣-٧-٢٠٢٥هۆشدارییان دا لە ئەگەری “برسییەتیەکی کارەساتبار” لە غەززە، لە کاتێکدا کە هێڵکارییەکانی کارەساتێکی مرۆیی بێ وێنەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تۆختر دەبنەوە و مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان هاووڵاتی مەدەنی دروست دەکات.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ بۆ زیاتر لە ٢١ مانگ، تا دێت فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل زیاد دەبن بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و کردنەوەی ڕێڕەوی سەلامەت بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناوچەکە.

 

لەمبارەیەوە، بەرپرسانی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ ستیڤ ویتکۆفی نوێنەریان بەرەو ئەوروپا بەڕێدەکەوێت بۆ دانوستان، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەشەڕ و کردنەوەی ڕێڕەوی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.

 

چاودێران دەڵێن، ئیسرائیل ڕووبەڕووی فشاری نێودەوڵەتی زیاتر دەبێتەوە بەهۆی دۆخی ترسناکی مرۆیی لە ناوچەی گەمارۆدراوی فەلەستین، کە بەهۆی شەڕی بەردەوامەوە وێران بووە و برسێتیش هەڕەشەی مەرگێکی بە کۆمەڵ دەکات.

 

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا ٢١ منداڵ لە غەززە گیانیان لەدەستداوە “بەهۆی بەدخۆراکی و برسێتی”، لەکاتێکدا کارەساتی مرۆیی کاریگەری لەسەر دانیشتوانی کەرتی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی “برسێتی هەڕەشە دەکات”.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەوانە پزیشکانی بێ سنوور، لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئۆکسفامی نێودەوڵەتی و چەندین لقی پزیشکان و کاریتا ڕایانگەیاند؛ “لەگەڵ بڵاوبوونەوەی برسێتی بەکۆمەڵ لە کەرتی غەززە، ئەو کەسانەی کە یارمەتیان دەدەین بەدەست لاوازیی جەستەییەوە دەناڵێنن و لاوازی و بێهیزی هەمووانی گرتووەتەوە”.

 

ڕێکخراوەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نێوان ئیسرائیل و حەماس و کردنەوەی هەموو دەروازەکان بۆ ناو کەرتەکە و دەستەبەرکردنی ڕۆیشتنی ئازادانەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتەکەیان کرد.

 

ئەم داوایە، ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی سەر بەڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، سوپای ئیسرائیلی بە کوشتنی زیاتر لە هەزار کەس لە خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە تۆمەتبار کرد.

ڕێکخراوە مرۆییەکان لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە؛ “تەنها لە دەرەوەی کەرتی غەززە، لە کۆگاکاندا تەنێک خۆراک، ئاوی خواردنەوە، پێداویستی پزیشکی، کەرەستەی پەناگە و سووتەمەنی بەبێ بەکارهێنان ماونەتەوە، چونکە ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕێگەیان پێنادرێت هاوکارییەکانیان بگەیەنن”.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەو سامناکییەی لە کەرتی غەززە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە بەدیکراوە، بەتایبەتی لەڕووی ژمارەی کوژراوان و وێرانکارییە بەرفراوانەکانەوە، “لە مێژووی نوێدا بێهاوتایە”.

 

گۆتێرێس لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتی: بەسە شایەتحاڵی پەرەسەندنی ترسناکییەکان لە غەززە، ئەوەی کراوە لە مێژووی نوێدا هاوتای نییە،  بەدخۆراکی تەشەنەی سەندووە و برسێتی لە هەموو دەرگایەک دەدات”.

 

فرانس 24/AFP

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە