بۆچی دادگای فیدڕاڵی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستانی ڕەتكردەوە؟

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە و ڕاوێژكارێكی یاساییش هۆكارەكەی ئاشكرادەكات.

عومەر گوڵپی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری، کە یەکێک لە سکاڵاکانی تۆمارکردبوو بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دادگا بە پاساوی ئەوەی سکالاکە لە تایبەتمەنی ئەواندا نییە، سکاڵاکەی ڕەتکردۆتەوە.

عەبدولقادر ساڵح، ڕاوێژكاری یاسایی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی هەردوو داوای ژمارە (٩١/اتحادیە/2025) داوای ژمارە (٨٨/اتحادیە/2025) ڕەتکردەوە بەهۆکاری نەبوونی تایبەتمەندی (رد دعوی المدعی لعدم الاختصاص).

ئەو ڕاوێژكارە یاساییە چەند سەرنجێک لەبارەی هەردوو داواکە و بڕیارەکانی دادگاکە دەخاتەڕوو:

یەکەم:
بۆ تۆمارکردنی داوا لەبەردەم دادگای فیدراڵی پێویستە داواکار بە وردی رەچاوی تایبەتمەندییەکانی دادگاکە بکات کە لە ماددەی (٩٣)ی دەستوردا هاتووە، چونکە بابەتی تایبەتمەندی هەنگاوی یەکەمی بینینی داوایە و ئەگەر هاتوو لەم هەنگاوەدا دادگاکە داواکەی رەتکردەوە، ئەوا سەیری ناوەرۆکی داواکە ناکات، ئەمە بەڵگەی ئەوە نییە داواکە ڕەوایە یان نا .

دووەم:
دەربارەی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت بڕیارێکی تەشریعی یان یاسایەک دەرچوێنرابێت ئەو کات لەرووی دەستورییەوە بەپێی حوکمەکانی ماددەی (٩٣/ یەکەم) تایبەتمەندی دروست دەبێت بۆ دادگاکە تا بچێتە ناو بابەتی داواکەوە، بەڵام لە هەردوو داواکەدا بابەتیکی لەم چەشنە لە ئارادا نەبووە و بەم جۆرەش داواکان لە چوارچێوەی حوکمی بڕگەی یەکەمی ماددەی (٩٣)ی دەستوور دەچنە دەرەوە.

سێیەم:
ئەو ماددە و بڕگانەی داواکان پشتیان پێ بەستووە بۆ تۆمارکردنی داواکان بەپێی حوکمەکانی ماددەی (١٠) لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ هیچ یەکەیان ناچێتە ناو چێوارچێوەی تایبەتمەندییەکانی دادگای فیدراڵییەوە.

چوارەم:
لە یەکێک لە داواکاندا ژمارەیەکی بەرچاو داواکاری هاتووە وەک بە نەبوو (انعدام) دانانی دانیشتنی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان و وەرگرتنەوەی ئیمتیازات لە ئەندامانی پەرلەمان و پابەندکردنی کۆمیسیۆن بۆ ئامادەکاری بەمەبەستی ئەنجامدانی هەلبژاردن لە نزیکترین کاتدا، کە هەموو ئەم داوایانە بێ جەدوا دەبن ئەگەر بناغەی خودی داواکە بە وردی دانەڕێژرابێت لەرووی تایبەتمەند و بابەتی داواکەوە.

عەبدولقادر سااڵح وتیشی، “دەبێت بۆ تۆمارکردنی داوا لەبەردەم دادگای فیدراڵی لە هەنگاوی یەکەمدا داواکار بە وردی لە تایبەتمەندییەکانی دادگاکە تێگەیشتبێ و لە هەنگاوی دووەمدا بتوانێت داواکارییەکە جێگە بکاتەوە لە بنمیچی یەکیک لەو تایبەتمەندییانە، بەپێچەوانەوە داواکە ڕەتدەکرێتەوە لەڕووی تایبەتمەندییەوە”.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە