کورتهێنان لە عێراق دەگاتە 60 ترلیۆن دینار

وەزیری دارایی عێراق بڕی کورتهێنان بۆ بودجەی ساڵی 2025 ئاشکرا دەکات و دەڵێت”ناجیگیری نەوت و داهات ڕێگرە لە ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان”.

حەیدەر ئەل شێخ، شارەزای بواری ئابووری بە میدیای عێراقی ڕاگەیاندووە، “تەیف سامی وەزیری دارایی لە میانی کۆبوونەوەی دوێنێیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئاگاداریکردونەتەوە کە بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی حکومی پێکهێنراوە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2025”.

ئاماژەی بەوەشداوە، “ئەم لیژنەیە سەرقاڵی جیاکردنەوە و هەژمارکردنی داهاتی نەوت و نانەوتییە، کە لەئێستادا بە زیاتر لە 140 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، هاوکات کورتهێنانەکە لەسەر بنەمای خەرجییە پلان بۆ داڕێژراوەکان دەبێت، و پێشبینی دەکرێت کورتهێنانەکە بگاتە 60 ترلیۆن دینار ئەگەر کۆی بودجە بگاتە 200 ترلیۆن دینار”.

ئابوریناسان پێیان وایە کورتهێنانی پێشبینیکراو 60 ترلیۆن دینار دەبێتە هۆی زیادبوونی فشار لەسەر بازاڕی عێراق. دیارترین کاریگەرییە ئەگەرییەکان بریتین لە:

– زیادبوونی ئەگەری دواکەوتنی پێدانی مووچە لە ئەگەری دواکەوتنی بودجە یان کەمبوونەوەی داهاتەکان.

– زیادبوونی فشارەکانی هەڵاوسان لەسەر بازاڕەکان، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی ناتەبایی نێوان نرخی فەرمی و هاوتەریبی ئاڵوگۆڕ.

– دابەزینی ئاستی وەبەرهێنانی حکومەت و کەمبوونەوەی پڕۆژەی نوێ، کاریگەری نەرێنی لەسەر هەلی کار و گەشەی بازاڕی ناوخۆیی دەبێت.

– پەنابردن بۆ قەرزی ناوخۆیی لە بانکە حکومییەکان و بانکی ناوەندی، کاریگەری نەرێنی لەسەر نەختینەیی لەبەردەستی کەرتی تایبەتدا دەبێت.

هەروەها شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی بەردەوامبوون لە داپۆشینی کورتهێنان لە ڕێگەی قەرزکردنەوە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی قەرز و توندترکردنی کۆت و بەندییەکان لەسەر سیاسەتی دارایی عێراق لە ساڵانی داهاتوودا، ئەمەش وادەکات ئابووری زیاتر بەرەوڕووی هەر شۆکێکی دەرەکی بێت، جا چ لە نرخی نەوت یان فشارە داراییە نێودەوڵەتییەکان.

جەختیشیکردەوە”هەر بڕە پارەیەک لە سەقفی چاوەڕوانکراوی داهات زیاتر بێت، بە کورتهێنانی ڕاستەوخۆ لە خشتەکانی بودجەدا هەژمار دەکرێت، و هەڵاوسانی بەردەوامی نرخی نەوتی جیهانی هۆکاری سەرەکییە لە پشت دواکەوتنی یەکلاکردنەوەی ئەو خشتانە، هەرچەندە لیژنەکە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا دەستی بە کارەکانی کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەنگاوی داهاتوو دوای تەواوکردنی ڕاپۆرتەکەی لیژنەی حکومەت بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی خشتەکان و ناردنیان بۆ پەرلەمان بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاسادانانەکان”.

ئەگەر دواکەوتنی پەسەندکردنی خشتەی بودجە بەردەوام بێت، حکومەت ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبێتەوە لەڕووی پابەندبوونە داراییەکانی بەرامبەر بە فەرمانبەران، پڕۆژەکان، و خزمەتگوزارییەکان، ئەمە جگە لە زیادبوونی فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە ماوەیەکی نزیکدا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە