spot_imgspot_img

دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم بڕیاریدا

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوو سكاڵای بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانە ڕەتكردەوە، كە مەسرور بارزانی لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ئەمریكا لەگەڵ دوو كۆمپانیای نەوتیی واژۆی كردن.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوو سكاڵای دژ بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕەتكردەوە.

سكاڵای یەكەم لەلایەن پەرلەمانتار ڕائد حەمدان مالكی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقەوە دژی هەریەكە لە سەرۆك وەزیران و وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم تۆماركرابوو، تێیدا سكاڵاكار داوای لە دادگا كردبوو گرێبەست و رێككەوتنە نەوتییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكانی بواری نەوت (western Zagros- hkn energy) لە كێڵگەكانی (میران و تۆپخانە- كوردەمیر) بەنادروست لە قەڵەم بدات.

ئەم گرێبەستانە ڕۆژی 19ی ئایاری ئەمساڵ واژۆ كراون و سكاڵاكار باسی لەوە كردووە، “گرێبەستەكان پێچەوانەی دەستوری عێراقن”.

هەر لەم سكاڵایەدا، پەرلەمانتارەكەی عێراق داوای لە دادگا كردووە، حكومەتی هەرێم پابەند بكات بەوەی لە ئایندەدا هیچ گرێبەستێكی تر تایبەت بە نەوت و غاز نەكات بەبێ ئاگاداری حكومەتی فیدراڵ.

هەروەها داوای كردووە دادگای فیدراڵی بە فەرمانسالارییەك (امر ولائی)، حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پابەند بكات بەوەی رێكارەكانی جێبەجێكردنی ئەو گرێبەستانە ڕابگرن تا ئەوكاتەی ئەم سكاڵایە یەكلا دەبێتەوە.

دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ ئەم سكاڵایەی پوچەڵكردەوە، بەڵام هێشتا وردەكاری بڕیارەكەی لەبارەی هۆكاری پوچەڵكردنەوەی سكاڵاكە بڵاونەكردوەتەوە.

سكاڵای دووەمیش بە هەمان شێوە لەلایەن پەرلەمانتارێكەوە بەناوی باسم غریباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق تۆماركراوە لەسەر هەریەك لە سەرۆك وەزیران و وەزیری سامانە سروشتییەكان.

غریباوی لە سكاڵاكەیدا داوا لە دادگا دەكات، گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە كێڵگەكانی (میران و تۆپخانە- كوردەمیر) پوچەڵ بكرێنەوە و حكومەتی هەرێم پابەند بكرێت بەوەی لە ئایندەدا بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ هیچ گرێبەستێك نەكات.

دادگای فیدراڵی ئەم سكاڵایەشی ڕەتكردوەتەوە، بەڵام وردەكاری هۆكاری ڕەتكردنەوەكە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە