شەرع؛ کۆمەڵەی دوورزییەکان خاوەنی ڕەگێکی مێژوویین

سەرکۆماری سووریا ئەحمەد شەرع لەبارەی پێکدادانی گرووپە چەکدارەکان لە باشووری وڵاتەکەی وتی، “ئەگەر دەستوەردانی دەوڵەت لە پێکدادانی نێوان گرووپە جیاکان نەبوایە، ئەوە زۆر زیاتر تەشەنەی دەکرد و لە دەست دەردەچوو”.

سەرکۆماری سووریا دۆخی سوەیدای بە “قۆناغێکی مەترسیدار” لەقەلەم دا و وتی، “پێکدادانە توندەکانی نێوان ئەو گرووپانە ئەگەر هاتبا لە لایەن دەوڵەتەوە دەستوەردانی بۆ نەکرابا، ئەوە بە تەواوی لە دەست دەردەچوو”.

شەرع ڕایگەیاند، دەوڵەت سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان  فریای دۆخەکە کەوت و وتیشی: “لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامودەزگاکانی دەوڵەت لە باشووری وڵات و هەروەها دیمەشقی پایتەخت، گەیشتینە قۆناغێکی مەترسیدار و مەبەست لێی تێکدانی ئاسایشی و سەقامگیری وڵاتەکەمان بوو، دوای ئەو پەرەسەندنانە وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکا وەک نێوەندگیر فریای دۆخەکە کەوتن”.

ئەحمەد شەرع باسی لەوەشکرد؛ دوای کشانەوەی دەوڵەت لە هەندێک ناوچە، گرووپە چەکدارەکانی سوەیدا هێرشیان کردووەتە سەر هۆزە بەدەوییەکان و خێزانەکانیان و وتی: “لەو هێرشانەدا مافەکانی مرۆڤ پێشێلکراوە و دوای ئەوە بووە کە هۆزەکانی دیکەی عەرەبیش هەوڵیان داوە کە گەمارۆکە بشکێنن”.

سەرکۆماری سووریا باسی لەوەشکرد؛ دوای ئازاکردنی سووریا، لە پاڵ سوەیدادا بوون بەڵام هەندێک گرووپ بەشێوازێک چوونە پێشەوە کە هەوڵی لاوازکردنی دەوڵەتیان دەدا و وتیشی، “پشتبەستن بە هێزێکی دەرەکی و بەکارهێنانی سوەیدا وەک ئامرازێک لە پێکدادانە نێودەوڵەتییەکاندا لەبەرژەوەندی گەلی سووریادا نییە و بەپێچەوانەوە قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە و هەڕەشە لە یەکگرتوویی وڵات دەکات”.

ئەحمەد شەرع پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی ئەمریکا نیشاندا و سوپاسی کردن و جەختی لەوەشکردەوە کە تورکیا، وڵاتانی عەرەبی و هەروەها ڕووسیا و چین’یش هەڵوێستێکی بەهێزیان هەبوو.

لە کۆتاییدا  ئەحمەد شەرع وتیشی: “کۆمەڵەی دوورزییەکان کە خاوەنی ڕەگێکی مێژوویین، بەهۆی گرووپێکەوە کە نوێنەرایەتی هەموویان ناکات، ناکرێ سەرکۆنە بکرێن، سوەیدا ئێستاش بەشێکی سەرەکی سووریایە و دوورزییەکانیش یەکێک لە پایە گرنگەکانی بناغەی گەلی سووریان”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە