پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان بەرەو كۆتایی دەچێت و تەنها 10 ڕۆژی ماوە، دوای ئەوە هەركەس خۆی تۆمار نەكردبێت بەشەخۆراكی مانگانەی ڕادەگیرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریدا فۆڕمی خۆراكی كاغەزی بگۆڕێت بە سیستمێكی ئەلیكترۆنی و كارتی خۆراكی ئەلیكترۆنی بدات بە هاووڵاتیان، بۆ ئەوەش سیستمی ئەلیكترۆنی بەڕێگەی (ئەپڵیكەیشنێكەوە) كارا كرد و لە ڕێگەی مۆبایلەوە خستیە بەردەستی هاووڵاتیان تاوەكو لەڕێگەی كارتی نیشتمانییەوە خۆیان و خێزان و منداڵەكانیان تۆمار بكەن.
بەپێی سیستمەكە، تەنها ئەو ئەپڵیكەیشنە لەناو عێراق و هەرێم كاردەكات و هەر كەسێك تاوەكو 1ی ئاب (1-8-2025) خۆی تۆمار نەكات، ئەوا بەشەخۆراكەكەی ڕادەگیرێت، بەو هۆیەشەوە ناوی هەزاران كەسی مردوو یان ئەوانەی گەشتی دەرەوەی وڵاتیان كردووە لە سیستمەكەدا لادەبرێت و بەشەخۆراكیان نامێنێت.
بهڕێوبهرایهتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر له ڕاگەیەنراوێكدا دوایین ئاگاداری به هاووڵاتییان دهدات سهبارهت به پڕكردنهوهی فۆڕمی ئهلیكترۆنی خۆراك و دەڵێت: تەنیا تاوەكو 1ی ئاب مۆڵەت ماوە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک، بۆیه دهبێت هاووڵاتییان ناوی خۆیان تۆماربكهن.
ڕاشیگەیاندووە، ههر كهسێك ناوی خۆی تۆمار نهكات، بێ بهش دهبێت له وهرگرتنی بهشهخۆراكی مانگانه.
فۆڕمی خۆراكی ئەلیكترۆنی لە 5ی حوزەیران لە هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی هەرێم كارا كرا و ماوەكەی تاوەكو 5ی تەمموز بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێژەی خۆتۆماركردن نەگەیشتبوو 70%ی هاووڵاتیان، بۆیە ماوەكەی تاوەكو 1ی ئاب درێژكرایەوە.
بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) بەشێكی هاووڵاتیان بەهۆی ئەوەی بەشێكی ئەندامانی خێزانەكەیان و بەتایبەت منداڵەكانیان كارتی نیشتمانییان نییە و خەریكی دەركردنی كارتی نیشتمانین بۆیان، بۆیە تەنها چوونەتە ناو سیستمەكە و بەڵام هەموو قۆناغەكانیان پڕنەكردۆتەوە و چاوەڕێی كارتی نیشتمانی منداڵەكانیانن بۆ وەرگرتنەوەی و پڕكردنەوەی سەرجەم قۆناغەكانی فۆڕمی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراك.
پێتریش، نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند، كە هەركات ڕێژەی خۆتۆماركردنی هاووڵاتیان لە سیستمی ئەلیكترۆنی فۆڕمی خۆراك بگاتە سەروو 85% ئەوا ڕێژەیەكی باشە و پێویست بە درێژكردنەوەی ماوەكەی ناكات.
