spot_imgspot_img

“مووچەی مانگێك، بازاڕی هەرێم نابووژێنێتەوە”

پسپۆڕێكی ئابووری دەربارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار و تواناکانی بۆ بوژاندنەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دوای چەقبەستنێكی زۆری چەند مانگی ڕابردوو پێی وایە، كە مووچەی مانگێك بازاڕ نابووژێنێتەوە، بەڵكو تەنها جووڵەیەك دەخاتە بازاڕەوە.

عوسمان کەریم، پسپۆڕی ئابووری وتی، “دابەشکردنی مووچەی یەک مانگ بازاڕەکان نابووژێنێتەوە، بەڵام تاڕادەیەک بەشدار دەبێت لە پێدانی جووڵەیەك بە بازاڕ، بەو پێیەی هاووڵاتیانی کورد پێویستیان بە شەش مانگە بۆ ئەوەی تەندروستی ئابووری خۆیان وەربگرنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “فەرمانبەرانی کورد متمانەیان نییە کە ئەم ڕێککەوتنە بەردەوام دەبێت، بۆیە کاتێکی زۆری دەوێت تا متمانەیان پێبدرێتەوە و دەست بکەن بە خەرج كردنی بڕە پارەیەكی زۆر، چونكە زۆرێک لە فەرمانبەران قەرزی گەورەیان لەسەرە، کە هەوڵی دانەوەی دەدەن ئەوكاتە بووژانەوەی ئابوری کارا دەبێت”.

وتیشی، “خەرج كردنی مووچەی یەک مانگ دەتوانێت بازاڕەکانی کاڵا و خۆراکی سەرەتایی زیندوو بکاتەوە، بەڵام کاڵا جوانكارییەكان و گرانبەهاكانی وەکو خانووبەرە و ئۆتۆمبێل و ئەلیکترۆنی پێویستیان بە ماوەیەکی زۆر دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ چالاکییەکان”.

بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەدەست پاشەکشەی ئابووری بەردەوامەوە دەناڵێنن بەهۆی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی پێدانی مووچەی فەرمانبەران، كە ماوەی نزیكەی 3 مانگە دابەش نەكراوە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی توانای کڕین و دواخستنی زۆرێک لە پلانەکانی كڕینی پێداویستییەكان لەلایەن هاووڵاتیانەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی پێدانی مووچەی مانگی ئایار، هاووڵاتیان بەشێوەیەكی پلەبەندی دەبووژێنەوە، هەرچەندە بووژانەوەی تەواو پێویستی بە کاتێکی زیاتر و بەردەوامی متمانە بە سەقامگیری دارایی دەبێت.

بەهۆی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و داهاتی ناوخۆ و تەوتین، وەزارەتی دارایی عێراق لە مانگی ئایار(5)ەوە ناردنی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگرتووە و لە ئێستاشدا، كە مووچەخۆران لە 19ی مانگی تەمموزدان، هێشتا مووچەی مانگی 5 و 6 خەرج نەكراوە و مووچەی مانگی 7یشی هاتەسەر و بەوەش دۆخ و گوزەرانی خەڵك زۆر خراپ بووە و بە وتەی شارەزایانی ئابووری، ئەو دۆخە بەتەواوی بازاڕی پەك خستووە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە