ڕوانگەی سووری لەسەر ئاڵۆزییەکانی سووریا و هەڵگیرساندنەوەی شەڕ دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست زانیاری ئاشکراکرد و دەڵێت” ژمارەی كوژراوەكان گەشتووەتە ٩٤٠ کەس”.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئامارێکی نوێی کوژراوانی لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریا لەنێوان دروزییەکان و هێزەکانی ئەحمەد شەرع و گرووپە جەکدارەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام پێکدادانی نێوان چەکدارانی دروزی و بەدەوییەکان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوایی سوەیدا دەستی پێکردووەتەوە.
بەپێی ئامارێکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای ئاڵۆزییەکان تا ئێستا ٩٤٠ کەس كوژراون، كە ٤٠٦ كەس لەوانە لە پێكهاتەی دروزین، ٨٠ كەسیان مەدەنین، كە ژمارەیەك ژن و منداڵیان تێدایە، هاوکات ٣٣٠ ئەندامی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی دەسەڵاتی دیمەشق کوژراون، کە ١٨ کەس لەوانە سەر بە عەشرەتە بەدەوییەکانن.
هەربەپێی ئامارەکە ١٥ کەس لە ئەندامانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی دەسەڵاتی دیمەشق و سێ هاووڵاتی مەدەنیش بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلیەوە كوژراون، و یەک ڕۆژنامەوانیش کوژراوە، هاوکات ١٨٢ کەس لە پێکهاتەی دروزییەکان بە شێوەی گوللەبارانکردنی مەیدانی لەلایەن هێزەکانی هەتەشە و وەزارەتی ناوخۆی دەسەڵاتی کاتی دیمەشقەوە کۆمەڵکوژکراون، کە ٢٦ ژن و شەش منداڵیان تێدایە.
جێی باسە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئەمرۆ جارێکیتر شەڕ و پێکدادانی قورس لە سوەیدا لەنێوان دروزییەکان و گرووپە چەکدارەکانی ئەحمەد شەرع سەری هەڵدایەوە.
