مایڵز کاگینز، وتەبێژى کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ناسراو بە “ئەپیکور” ڕایگەیاند، بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت چاوەڕوانن نووسراوى فەرمیى ڕێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدادیان بەدەست بگات.
مایڵز کاگینز، ئەمڕۆ هەینى بۆ میدیای یەکێتی باسی لەوەشکرد، “هەر کات نووسراوی فەرمیی ڕێککەوتنمان بە دەست بگات، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەین”.
وتەبێژى ئەپیکور جەختیکردەوە، “نووسراوی فەرمیی ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت مەرجی ئێمەیە”.
دەشڵێت، “داواکارییەکانیان نەگۆڕدراون، گرەنتیی شایستە داراییەکان لەگەڵ بەدەستگەیشتنى نووسراوی فەرمی، ئەوەش تاکە رێگەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت”.
پێشتر ئەپیکور، جەختیکردووەتەوە بە مەرجى گرەنتى شایستە داراییەکانیان لە داهاتوودا و دانەوەى قەرزەکەیان کە لەلاى حکومەتى هەرێمى کوردستانە و بڕەکەى یەک ملیار دۆلارە، کە تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتە لە مانگى تشرینى یەکەمى 2022 تا ئازارى 2023.
ئەپیکور لە هەشت کۆمپانیای بیانی بوارى نەوت پێکهاتووە و 60%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، پاش ڕاگرتنى هەناردەش ئێستا ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.
