ئیلهام ئەحمەد: ئەوەی داوای دەکەین دەسەڵاتی خۆسەرییە

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی دەسەڵاتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ تورکیادا هەیە و ڕەتیشیدەکاتەوە، نیازی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی و فیدراڵییەتیان هەبێت، دەشڵێت، ئەوەی داوای دەکەین دەسەڵاتی خۆسەرییە.

ئیلهام لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا کە لەگەڵ بەشی تورکی بی بی سی کردوویەتی دەڵێت، پەیوەندی و کەناڵی ڕاستەوخۆی پەیوەندییان لەگەڵ تورکیادا هەیە و لەگەڵ ئەنقەرەدا، باس لە ناوچەکانی دەسەڵاتی خۆسەر، کێشەی کورد، چارەسەری سیاسی لە سووریا و ئەو پرسانە دەکەن کە پەیوەندییان بە تورکیاوە هەیە.

وتیشی، لەگەڵ ئەوەی ئارامیی ڕەوشەکە لەگەڵ تورکیا وەک پێشهاتێکی ئەرێنیی دەبینن، بەڵام بۆ بنیادنانی متمانە لەگەڵ تورکیا، پێویستە ئەو هەنگاوە پێویستانە بنرێن کە تا ئێستا نەنراون، چونکە وەک دەزانرێت تورکیا لەڕووی سەربازییەوە ئامادەیی لە خاکی سووریادا هەیە، هەربۆیە بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئەمنییەکان کە بۆ هەردوولا گرنگن، پێویستە گفتوگۆ و هەماهەنگیی زیاتریان لەگەڵ تورکیا هەبێت.

ئیلهام ئەحمەد کە ساڵی 2013 وەک پەیەدە سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە دەڵێت، لە ئەگەری بانگێشتکردنی لەلایەن ئەنقەرەوە، بەدڵنیاییەوە سەردانی تورکیا دەکات.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بەرپرسانی تورکیا جەختیان لەوەکردەوە، پێویستە هەسەدە و یەپەگەش هاوشێوەی پەکەکە چەک دابنێت.

لەو بارەیەوە ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، “رەوشی سووریا جیاوازە، کۆمەڵگەی سووریا خاوەن تایبەتمەندیی جیاوازە، هێشتا مەترسیی گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن، لەوانەش داعش، هەربۆیە ئێمە باس لە تێکەڵبوونی هێزەکان دەکەین، زیاتر لەوەی باسی چەکدانان و چەکداماڵین بکەین”.

ئیلهام ئەحمەد بە پێویستی دەزانێت، تورکیا بەرامبەر سووتاندنی چەک لەلایەن گرووپێکی پەکەکەوە، هەنگاو بنێت.

ئاماژە بەوەشدەکات، “دەکرێت هەسەدە ببێتە بەشێکی بەهێزی سوپای سووریا و رۆڵی بەهێز لە دابینکردنی سەقامگیریی و ئاسایش لە تەواوی سووریا بگێڕێت”.

10ی ئازاری ئەمساڵ، رێککەوتنێکی هەشت خاڵیی لەنێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا واژۆکرا، کە چاوەڕواندەکرا، تا کۆتایی ئەمساڵ، هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا ببێت و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەش ببەسترێنەوە بە دەسەڵاتی نوێی دیمەشقەوە.

بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، لە نۆی تەمموزی 2025، بە بەشداریی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا، مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە.

پاش کۆبوونەوەکە، باس لە شکستهێنانی گفتوگۆکانی نێوان رۆژئاوای کوردستان و دیمەشق کرا.

ئیلهام ئەحمەد کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو، هەواڵی شکستهێنانی گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، دروستبوونی ناکۆکی لەو گفتوگۆیانەی سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان و تیکەڵکردنەوەی دامەزراوە مەدەنییەکان دەکرێن، دۆخێکی ئاساییە.

ئیلهام جەخت لەوەدەکاتەوە، “گفتوگۆ و دانوستانەکان شکستیان نەهێناوە، ناکۆکیی و لێکتێنەگەیشتن لە کۆبوونەوەکاندا دۆخێکی ئاساییە، بەتایبەت کە لایەنەکانی سووریا چەندین ساڵە، گفتوگۆیان لەگەڵ یەکدیدا نەکردووە، هەر بۆیە بۆ دروستکردنی سووریایەکی نوێ، پێویستە گفتوگۆکان بەردەوامبن”.

هەر لەبارەی کۆبوونەوەکەی نۆی تەمموز، ئیلهام ئەحمەد باس لەوە دەکات، ئاماژەی ئەرێنی لەلایەن هەردوولاوە هەبوو، بۆ نموونە هەردوولا هاوبۆچوون بوون سەبارەت بە پرسەکانی وەک یەکێتیی خاکی سووریا و یەکبوونی دەوڵەت، کە ئیلهام ئەحمەد بە پرسی “نیشتمانیی” ناویبردن.

دەشڵێت، بۆ گەیشتن بە ئەنجامی جددی، بابەتی زۆر هەن، کە پێویستە هەردوولا گفتوگۆی چڕیان لەبارەوە بکەن.

ئیلهام ئەحمەد، سەبارەت بە تێکەڵبوونەوەشیان لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئەو نزیکییەی دروستبووە، پێویستە لەو پرسەدا، دیدی هاوبەش بهێنرێتە ئارا، چونکە تێکەڵبوونەوە بابەتێکی قورسە.

ئیلهام دڵنیایی بە حکومەتی سووریا دەدات کە، “نیازمان نییە لە دەرەوەی چوارچێوەی دوڵەتی سووریا، دەسەڵاتی سەربازیی و ئیداریی جێگرەوە دروستبکەین، ئەوەی گرنگە، گرەنتیکردنی مافەکانی ژنان و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و ڕێزگرتنە لە جیاوازییەکان”.

سەبارەت بە داواکارییەکانیان لە سووریا، ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، بۆ ئەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی وەزارەتەکانی حکومەتی ناوەندیدا کۆنەبنەوە، پێویستە دەسەڵاتی فراوان بە شار و هەرێمەکان بدرێت.

ئیلهام ئەحمەد، سەبارەت بە وتەکانی چەند ڕۆژی رابردووی تۆم باراک کە وتی، پشتیوانی لە دروستکردنی دەوڵەت بۆ کورد لە سووریا ناکەن دەڵێت، “بێگومان پێویستمان بە گفتوگۆ و دیالۆگی زیاترە”.

وتیشی، تۆم باراک بەگوێرەی هەلومەرجە جیاوازەکان چەند قسەیەکی کردووە، بەڵام لە هەموو بارودۆخێکدا، دەتوانرێت بوترێت، یەکەمجارە ئیدارەی ئەمریکا بەو ئاستە، بەرپرسیارییەتی لەئەستۆبگرێت.

هەر لەو بارەیەوە ئیلهام ئەحمەد باس لەوەشدەکات، بۆ ئەوەی هەڵە تێگەیشتن دروستنەبێت، پێویستیان بەوەیە لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن لەگەڵ تۆم باراک.

ئیلهام ئەحەمەد، ئەو هەواڵانەشی ڕەتکردەوە باس لە خواستی ئەوان بۆ دەوڵەتی کوردی و فیدراڵییەت دەکەن و وتی، ئیتر مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە، ئەوەی ئێستا پێگەیشتووە، بریتییە لە گرەنتیکردنی هەموو پێکهاتە ئیتنیکییەکان، جیاوازییە کولتوورییەکان و دابینکردنی مافە سیاسیی، کولتووری، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان.

جەختیش لەوەدەکاتەوە، پێویستە لە دەستووری نوێی سووریادا مافی هەموو پێکهاتە ئیتنیکییەکان پارێزراو بێت و مۆدێلێک دروستبکرێت، کە دەسەڵات بە کۆمەڵگە خۆجێییەکان بدات.

ئیلهام ورددتر باس لە داواکارییەکانیان لەو بارەیەوە دەکات و دەڵێت، ئەوەی داوای دەکەن، دەسەڵاتی خۆسەرییە کە خاوەن دەسەڵاتە و نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان دەکات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە