قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە 17ـی 7ـی 2025 لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆبجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا.
جێگری سەرۆک وەزیران پڕۆسەی لەناوبردنی چەکی پەکەکەی بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوبرد و هیوای خواست هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەی ئاشتی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت.
جەختی کردەوە لەسەر “پشتیوانی حکومەتی هەرێم لە پڕۆسەکە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە”.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرا و قوباد تاڵەبانی داوایکرد: تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا بکاتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد. لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا زانی و ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان خوازیارە هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستور چارەسەر بکات.
باڵیۆزی تورکیاش خۆشحاڵی خۆی لە رێککەوتنەکە دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
