هەڕەشەکانی وتەبێژە سەربازییەکەی سوودانی بۆ لێپرسینەوەی لە ئەنجامدەرانی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نەک هێرشەکانی ڕانەگرت، بەڵکو ژمارەشیان زیادی کرد و حکومەتی عێراقیش ئامادە نییە ئەنجامدەرانیان ئاشکرا بکات.
دژە تیرۆری کوردستان (هەولێر) ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتژمێرەکانی 6:00 و 6:15، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور و کاتژمێر 7:00یش بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ.
ئەم سێ هێرشە نوێیە ئەمڕۆ دوای ئەوە هاتن کە وتەبێژە سەربازییەکەی محەمەد شیاع سوودانی بەڵێنی دابوو لێپرسینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی دوو هێرشەکەی دوێنێی سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەن.
وتەبێژە سەربازییەکەی سوودانی چی دەڵێت؟
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو هێرشانەی کە دوو کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج، هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی عێراقییەکان و هێرشکردنە سەر هەوڵەکانی دەوڵەتن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و گەشەسەندن.
ئاماژەی بەوەش کرد، “کاتی ئۆپەراسیۆنەکان نیازی خراپەکارانە ئاشکرا دەکات کە ئامانجیان شێواندنی دۆخەکە و زیانگەیاندنە بە دامەزراوە گرنگەکانی دەوڵەت”.
سەباح نوعمان ڕشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکان فراوانتر دەبن بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە بەرپرسیارەکان، هەروەها ڕێوشوێنی توند دەگیرێتەبەر بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی لە هێرشەکانەوە تێوەگلاون.
وتەبێژە سەربازییەکەی محەمەد شیاع سوودانی ڕاشیگەیاند، حکومەت کەمتەرخەم نابێت بەرامبەر هیچ هەڕەشەیەک کە بەرژەوەندی گەل یان سەروەری دەوڵەت بکەنە ئامانج، هەروەها سیستەمی بەرگری خۆی بۆ پاراستنی دامەزراوە ستراتیژییەکان بەهێزتر دەکات.
هەرێمی کوردستان ئیدانەی دەکات
دوێنێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی هێرشەکان ڕایگەیاند، “به توندى سهركۆنهى ئهو هێرشانه دهكهين كه به درۆن دهكرێنه سهر ژێرخان و ناوچه جیاجياكان له ههرێمى كوردستان” و داواشی لە حکومەتی عێراق کرد “ههموو ڕێكارێكى بهپهله و پێويست بگرێته بهر بۆ ڕێگهگرتن لهو هێرشانه و دۆزينهوهى هێرشبهران و سزادانيان. ئهو هێرشانه سهقامگيرى و سهروهريى وڵات و وهبهرهێنانى ناوخۆيى و بيانى دهخهنه مهترسييهوه”.
ئەمریکا دەڵێت: قبوڵی ناکەین
لای خۆشیەوە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکان ڕایگەیاند، “پێویستە حکومەتی عێراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بکات بۆ ڕێگریکردن لە میلیشیا و گروپە چەکدارەکانی تر بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناوخۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە کە کۆمپانیا عێراقی و نێودەوڵەتیەکان وەبەرھێنانیان لە داھاتووی عێراقدا کردووە”.
جەختیشیکردەوە کە “ئەو ھێرشانە قبوڵکراونین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەکانی عێراق بۆ سەرنج ڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی و ھانی حکومەتی عێراق دەدەین لێکۆڵینەوە بکات تا بزانێت کێ لە پەنای ھێرشەکانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بکاتەوە”.
30 هێرش لە مانگێکدا
بە هێرشەکانی ئەمڕۆ و دوێنێوە ئەمە سییەمین هێرشە کە لە ماوەی مانگێکدا لە ڕێی درۆنەوە بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و زیاتر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکان بە ئامانج دەگیرێن.
تا ئێستاش حکومەتی عێراق ئامادە نییە سەرچاوەی ئاڕاستەکردنی ئەو درۆنانە دیار بکات و ھیچ لایەنێکیش بەرپرسیارییەتی نەگرتووەتە ئەستۆ، هەرچەندە جێ پەنجەی میلیشیا شیعەکان بە هێرشەکانەوە دیارە.
لە 15ی حوزەیرانەوە تا 16ی تەمووز، 30 درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاڕاستەی ناوچە جیاوازەکانی ھەرێم کراوە و بەشێکیان بەر لە گەیشتنە ئامانجەکە تێکشکێنراوە و بەشێکیش لە نزیک ئامانجەکە تەقیووەتەوە و تا ئێستا ھیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
لە کۆی ئەو 30 درۆنەی ئاڕاستەی ھەرێم کراون، 17 دانەیان ئاڕاستەی ھەولێر و، حەوت دانەیان ئاڕاستەی سلێمانی و، پێنج دانەیان ئاڕاستەی دھۆک و یەک دانەشیان لە سنووری شارەدێی پردێ ئاڕاستەی ھێزەکانی پێشمەرگە کراون.
