شەرع، هەڕەشە دەکات

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا ڕۆژی سێشەممە ١٥-٧-٢٠٢٥، دەزگاکانی چاودێریی ڕاسپارد کە بەبێ گوێدانە پلە و پایە، دەستبەجێ ڕێوشوێن لەدژی هەرکەسێک بگرنە بەر، کە هەر پێشێلکارییەک ئەنجام بدات، ئەمەش دوای ڕووداوەکانی شاری سوەیدا لە باشووری وڵاتەکەی دێت.

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا، سەرۆکایەتی کۆماری سووریا جەختی لەسەر پابەندبوون و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک لە سەرجەم دەزگا گشتی و سەربازییەکان کردووەتەوە.

 

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئیسرائیلی بەتەواوی بەرپرسیار زانی لە دوایین هێرش بۆ سەر باشووری سووریا و کاردانەوەی ئەگەری.

 

لە بەیاننامەکەدا، شەرع پابەندبوونی سووریای بەمافی ڕەوای خۆی بۆ پاراستنی خاکی سووریا بە هەموو ڕێگایەک کە یاسا نێودەوڵەتییەکان گەرەنتی دەکات، دووپاتکردەوە.

 

کۆمەڵکوژی و “سمێڵ بڕین”

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە کە ١٢ هاوڵاتی مەدەنی دروز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە لە میوانخانەیەکی شاری سوەیدا کۆمەڵکوژکراون، لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوبوونەتەوە ئەتککردن و تاشینی ریش و سمێڵی گەورە و بەتەمەنەکانی دروز تووڕەیی لەنێو کۆمەڵگەی دروزییەکان لێکەوتووەتەوە.

 

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: “ئەندامانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ دوای هەڵکوتانە سەر میوانخانەی ڕادوان لە سوەیدا، کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە و بەجارێک ١٢ هاوڵاتییان کوشتووە”.

 

ئاگربەست

سەرچاوە سوورییەکان بۆ سکای نیوز ئاشکرایانکردووە؛ سوپای سووریا ئەرکی خۆی لە شاری سوەیدا تەواو کردووە و پاش ڕادەستکردنی پۆستە سەرەکییەکانی بە هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانیان دەستیکردووە بەکشانەوە.

 

موحەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا لەبەیاننامەیەکدا ئاگربەستی تەواوەتی ڕاگەیاند و دووپاتیکردەوە کە هێزەکانی حکومەت تەقە ناکەن ئەگەر تەقەیان لێ نەکرێت.

 

هاوکات ئاژانسی سانای سووری لە زاری ئەبو قەسرە بڵاویکردەوە، “فەرمانمان داوە هێزەکانی پۆلیس لەناو شاری سویدا جێگیر بکرێن بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری سەربازی و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران”.

 

ئەو وەزیرە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕێنمایی توندمان بۆ ئەو هێزانە دەرکردووە کە لە ناو شاری سوەیدادا ئامادەن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی دانیشتوان و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت لەکەسانی لادەر و خراپەکار.

 

ئیسرائیل دەستوەردان دەکات

ئیسرائیل بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هێزەکانی سووریا لە باشووری ڕۆژئاوای سووریا دەستپێکرد و بەڵێنیدا بە پاراستنی ناوچەی داماڵراو و پاراستنی کەمینەی دروزەکان لە نێوان بەردەوامی پێکدادانەکانی لە ناوچەکانی نزیک وڵاتەکەی.

 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، فەرمانیان بەسوپای ئیسرائیل کردووە؛ هێرش بکەنە سەر “هێزەکانی سووریا” و ئەو چەکانەی دەگوازرێنەوە بۆ سوەیدا بۆ بەکارهێنان لە دژی دروزەکان.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، جێگیرکردنی هێزەکانی سووریا پێشێلکردنی سیاسەتی داماڵینی سەربازییە، داوا لە دیمەشق دەکەن خۆی لە گواستنەوەی هێز و چەک بۆ باشووری سووریا بەدوور بگرێت، چونکە ئەوە مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست دەکات.

 

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، پارێزگای سوەیدا شایەتی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی بەدەوی و دروز بووە، کە بەشێک لە توندوتیژترین پێکدادانەکان لە سووریا لەو کاتەوەی کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریایان ڕووخاند و لەئەنجامدا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە