بافڵ تاڵەبانی بۆ مووچە دەچێتە بەغدا

هەریەكە مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆدەبێتەوە و سەرۆکی یەكێتی دەچێتە بەغدا.

میدیای فەرمی یەكێتیی بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی هەرێم و عیراق و ناوچەكە و هەوڵەكانی چارەسەركردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، وابڕیارە سبەی چوار شەممە ئەنجوومەنی سەركردایەتیش بۆ هەمان مەبەست كۆببێتەوە.

ئاشكراشی كردووە، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا لەسەر ئاستی باڵا شاندێكی یەكێتی سەردانی بەغدا دەكات بۆ یەكخستنی هەوڵەكان و دۆزینەوەی دەرچەی سیاسی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەت ئەوەی پەیوەستە بە شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان.

میدیای یەكێتی دەڵێت: یەكێتی لەسەر ئاستی سەرۆك و نوێنەرەكانی لە بەغدا بەردەوام لەگەڵ لایەنەكانی عێراق لەسەر هێڵە تا ئەو پرسە دەستووریانە و یاساییانە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە بە ویستی خەڵكی كوردستان.

كەناڵی (ڕووداو)یش بڵاویكردەوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی ئەمشەو بۆ چارەسەركردنی پرسی مووچە دەگاتە بەغدا و د.فوئاد حسێن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەبێت و هەر ئەمشەو لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فایەق زێدان کۆدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دەسەڵاتی داوە بە بافڵ تاڵەبانی بە نوێنەرایەتی یەكێتی و پارتی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە